لە ٣١ ئابدا عادل موراد هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە ساڵیادی ئەو مێژوەدا کە پارتی رێژێمی بەعسی هێنایە سەر هەولێر، هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی.

لەو نووسینەدا کە لە ئەکاونتی خۆی لە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، عادل موراد نووسیویەتی"   ئەمرۆ 31ی ئابی 2017 ، بیست و یەک ساڵ تێپەر دەبێت بە سەر خیانەتی 31 ئابدا کە پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی خیانەتکاران و لەکەیەکە لە مێژووی کوردا".

 لەو نووسینەدا سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند داوا دەکات " پێویستە فشارەکان بەهێزتربکرێن لە سەر سەران و ئەنجامدەرانی خیانەتی 31 ئاب بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێ سەر و شوێنەکانی یەکێتی و تێکۆشەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو کاتەی عێراق ، ئەگەر شەهید کراون ڕووفاتەکانیان بۆکەسوکارییان بگەرێنەوە و ئەگەر زیندووشن بەکەسوکارو خانەوادەکانیان شاد بکرێنەوە و قەرەبوونی ماددی و مەعنەوی زیان لێکەوتەوانی ئەم تاوانە بکرێنەوە".

لەکۆتایی مانگی تەموزی ساڵی ١٩٩٦ بەپێی رێککەوتنێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر کۆمەکردنیان لە شەڕی ناوخۆدا دژی پارتی، هێزێکی زۆری پاسدارنی ئێرانیان هێنایە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی ئێران لە شاری کۆیە، دواتریش لەهەمان ساڵدا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شکاندنی یەکێتی رژێمی دیکتاتۆری سەدامی هێنایە سەر شاری هەولێر و بە پاڵپشتی سەدام یەکێتی و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیان لە پایتەختی هەرێم دەرکرد. 

دەقی نووسینەکەی عادل موراد

31ی ئاب پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچاوانی خیانەتکارانەوە
ئەمرۆ 31ی ئابی 2017 ، بیست و یەک ساڵ تێپەر دەبێت بە سەر خیانەتی 31 ئابدا کە پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی خیانەتکاران و لەکەیەکە لە مێژووی کوردا.
لەم رۆژە لە بیر نەکراوەدا برینە سارێژنەکراوەکانمان دەکولێتەوە ، 21 ساڵ لەمەوپێش خیانەتکاران دەستیان لەگەڵ سەدام حسێنی دیکتاتۆردا کە تینوو بوو بە خوێنی گەلی کورد تێکەڵ کرد، دەبابە و تانکیان هێنایە سەر شەرعیترین دەزگای ئەم وڵاتە و بەچەقۆ کورسیەکانی پەرلەمانیان لەت و پەتکرد و هەولێریان خەڵتانی خیانەت کرد.
بەداخەوە دوای 21 ساڵ لەم خیانەتە ، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بەدناوە هەمان فکر و عقڵیەتیان بۆ حکومڕانی هەیە و دوای 19 ساڵ جارێکیتر و بەئەمری تاکە حزبێک دەرگای پەرلەمان دادەخرێ و پاش ئەو هەموو هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکیە تائێستا دەرگای پەرلەمان داخراوە.
پێویستە بەر بە سیاسەتە هەڵەکان بگرێت لە نا هەوسەنگی سیاسی و حکومڕانی لە کوردستان و لە تەشەنەکردنی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت لە دۆسیەیی نەوت و بەهەدەردان و دیارنەمانی داهاتەکەی و ناردنە دەرەوەی پارە کە مەزەندە دەکرێت بە دەها ملیار دۆلار ، پێویستە موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی پێبدرێت و پرۆژە لەکارخراوەکانی پێ بخرێتەوە گەڕ، هەروەها پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، هەموومان بینیمان کە چۆن بەناوی ئابوری سەربەخۆوە ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بەم رۆژە گەیەند، کە چەندین خێزان لەبەر نەبوونی ناتوانێت جەژنیش بکات.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر لەسەرەتای لەکار خستنی پەرلەمانەوە هەڵوێستی روون و ئاشکرای هەبووە و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی و هەموو کایرە دڵسۆزەکانی یەکێتی پشتیوانی خۆیان بۆ ئاسایکردنەوەی پەرلەمان بەبێ مەرج دوپاتکردوەتەوە، هەروەها لەسەر پرۆسەی ریفراندۆمیش پێداگریمان لەسەر مەرجەکانی یەکێتی کردوە بۆ پشتیوانی کردنی پرۆسەکە کە یەکێک لەوانە ئاساییکردنەوەی پەرلەمان بووە ، بەڵام تائێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و ئەو بەڵێنەش وەک زۆربەی بەڵێنەکانیتر نەبراوەتە سەر .
لە کۆتایدا دەڵێم پێویستە فشارەکان بەهێزتربکرێن لە سەر سەران و ئەنجامدەرانی خیانەتی 31 ئاب بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێ سەر و شوێنەکانی یەکێتی و تێکۆشەرانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو کاتەی عێراق ، ئەگەر شەهید کراون ڕووفاتەکانیان بۆکەسوکارییان بگەرێنەوە و ئەگەر زیندووشن بەکەسوکارو خانەوادەکانیان شاد بکرێنەوە و قەرەبوونی ماددی و مەعنەوی زیان لێکەوتەوانی ئەم تاوانە بکرێنەوە.

عادل موراد



PM:10:29:31/08/2017