پارتی بۆ تورکیا: دەبێت داوای لێبوردن بکەن

لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئامێدی ڕاگەیەنراوێكی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "لەبەرامبەر شەهیدکردنی 7 هاوڵاتی باشوری کوردستان دەبێت تورکیا داوای لێبوردن بکات".

لە ڕاگەیەنراوەکەی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئامێدی هاتووە، "وێرای سەركۆنەكردنی بۆردمانی دوێنێی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر خەڵكی سڤیلی سنووری شارۆكەی ئامێدی كە بووەتە هۆی شەهیدبوونی حەوت كەسی بێتاوان، داوا لە توركیا دەكەین بە زووترین كات بۆردمانی ئەو ناوچانەی خەڵكی سڤیلی لێیە ڕابگرێ و بە فەرمی داوای لێبووردن لە خەڵكی ناوچەكە بكات و ڕوونكردنەوەی پێویستیش بدەن و ئەو فڕۆكەوانە دادگایی بكەن كە بۆردمانەكەی كردووە".

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، داوا لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەین، بە زووترین كات دەڤەری نێروە و ڕێكان چۆڵ بكەن و چیتر بیانوو نەدەنە دەست توركیا خەڵكی سڤیل بۆردمان بكات.

توركیا دوێنێ چوارشەمە 20ی ئەیلول بۆردومانی ناوچەكانی شیلادزێی كرد و بەهۆیەوە حەوت هاوڵاتی مەدەنی بەناوەکانی "حەكیم سەعید چیچۆ، عەلی موستەفا، جێگر مستەفا، سیداد سدقی محەمەد، فاخر تاهیر مستەفا، عیسمەت تەمەر ئەمین، شەعبات ڕەشید"، شەهید بوون.

دەڤەری نێروە و ڕێكان دەكەوێتە باشووری كوردستان و 102 گوند لە خۆ دەگرێت، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵ بەبیانوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە فڕۆكەكانی توركیا 50 جار بۆردمانی ناوچەكەیان كردووە، لە ئەنجامی بۆردمانەكانیش تا ئێستا هەشت كەس شەهید بوون و نۆی تریش بریندار بوون.



PM:04:05:21/09/2017