غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆشداری دەدەت لە گرانبونی بەنزین و بەرهەمە نەوتیەكانی تر و دەڵێت "10ئەگەر هەیە – 15 ڕۆژی دیكە نرخی بەنزین گران بێت".
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "لە كاتژمێری 10ی بەیانی رۆژی 25ی مانگەوە كۆماری ئیسلامی ئێران نەیهێشتووە هیچ تانكەرێكی بەنزین و سوتەمەنی لەرێگەی مەرزەكانەوە بێتە هەرێمی كوردستان".
وتیشی "تا ئێستا 450 تەنكەر لەودیو سنورەكانی هەرێمەوەو چاوەڕێن رێگەیان پێبدرێت بێنە هەرێمی كوردستانەوە".
غالب محەمەد ئەوەشی ئاشكراكرد تا 10 بۆ 15 رۆژی دیكە بەنزینو بەرهەمە نەوتییەكانی دیكە لە كۆگاكاندا بەرەو كەمبوونەوە دەچێتو ئەگەر ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت نرخەكانی بەرز دەبنەوە.
وتیشی "پێویستە پلانێك دابنرێت لە رێگەی دوو پاڵاوگە كە لەسنور شاری سلێمانیدا هەن، نەوتی رەشیان بە نرخێكی كەم پێبدرێت تا بپاوڵێورێتو بەرهەمەكانی بە نرخێكی گونجاو لە بازاڕدا بفرۆشرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشدا لەسەر ئەو كێشەیە پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوەو بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەداونەتەوە.
رەتیشكردەوە لە رۆژی ریفراندۆمەوە هیچ تەنكەرێكی سوتەمەنیو بەنزین هێنرابێتە سنوری سلێمانییەوە.