کاندیدەکەی گۆڕان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم رەتکرایەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، كاندیدەكەی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم رەتكردەوە.

هەرچەندە ڕۆژی سێشەممە 3ی تشرینی 2017، دوایین وادەبوو بۆ تۆماركردنی ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان, بزوتنەوەی گۆڕان حەمە تۆفیق رەحیم_ی وەك كاندیدی بزوتنەوەكە دەستنیشانكرد، بەڵام لەلایەن كۆمسیۆنەوە رەتكرایەوە.
سەیاح كورەچی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران بە دواڕۆژی راگەیاند "بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم ماوەی تۆماركردنی ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا 30 رۆژە، بەڵام تۆماركردنی ناوی كاندیدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە وادەی خۆیدا نەبووە، بۆیە قبوڵناكرێت".

وتیشی "1ی تشرینی یەكەمی 2017، ماوەی خۆكاندیدیكردنی كاندیدی لایەنەكان تەواو بووە، بۆیە كۆمسیۆن لەسەر بڕیار كاردەكات".
لەبارەی ئەوەی بۆچی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ماوەی تۆماركردنی كاندیدانی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ 3ی تشرینی یەكەمی 2017 دەستنیشانكردووە؟، سەیاح كورەچی وتی "بەدڵنیاییەوە هەڵەیەك لەو رێكکەوتەدا هەیە، چونكە ناكرێت ماوەی تۆماركردنی ناوی كاندیدان لە 30 رۆژ تێپەڕێت".
                            



AM:09:42:04/10/2017