كۆمسیۆن لەسەر کاندیدبوونی محەمەد تۆفیق بڕیاری کۆتایی دەدات

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایدەگەیەنێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕیار لە پەسەندكردن یان نەكردنی محەمەد تۆفیق رەحیم بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدەن.

هەر لەوبارەیەوە شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە رادیۆی نەوای راگەیاند، تا كۆتا رۆژ هیچ كاندیدێك نەبوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بۆیە ئەنجومەنی كۆمسیاران كۆبونەوەی كردوە و دوو نوسراوی ئاراستەی هەریەك لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی شورا كردوە بۆئەوەی بۆچونی فەرمی ئەوان وەرگرن دەربارەی درێژكردنەوەی ماوە بۆ پێشكەشكردنی كاندید بۆ سەرۆكایەتی هەرێم.

وتیشی "یەكەمجارە لە هەرێم كاندید نەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم".

وتەبێژەكە رونیكردەوە، كۆتا رۆژ كە كۆبونەوەیان كردوە و نوسراوەكانیان ئاراستەكردوە، لەكاتی گەڕانەوەیان ئینجا پێیان راگەیەندراوە كە كاندید هەیە، بەڵام دوای وەڵامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و ئەنجومەنی شورا و كۆبونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران، بڕیار لە پەسەندكردن یان نەكردنی محەمەد تۆفیق رەحیم بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدەن.

 شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئاماژە بەوەشكرد، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو وەڵامی هەردوو نوسراوەكەیان دەدرێتەوە و كۆبونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ ئەو بابەتە بەڕێوەدەچێت.

هەرلەمبارەیەوە محەمەد تۆفیق رەحیم رایگەیاند، لە رۆژی 3-10دا كە كۆتا رۆژی خۆكاندیدكردن بوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لە كۆمسیۆن داوای پێشكەشكردوە، بەڵام زەمانەتی مادیی لێوەرنەگیراوە و تائێستاش وەڵام نەدراوەتەوە كە دەبێتە كاندید یاخود نا.
وتیشی "چاوەڕێی وەڵامی كۆمسیۆنم".



AM:10:45:05/10/2017