کلیک بکە بۆ بینینی فڕۆکەی هێنانەوەی تەرمی مام جەلال لە ئاسماندا

بەیانی ئەمڕۆ ئەو فڕۆکەیەی تەرمی مام جەلالی هەڵگرتووە لە فڕۆكەخانەی تێگڵی سەربازی لە بەرلینەوە بەڕێکەوت بەرەو سلێمانی.

لەڕێگەی ئەم لینکەوە جوڵەی فڕۆکەکە ڕاستەوخۆ و بە بەردەوامی ببینە تا دەگاتەوە سلێمانی.

ڕۆژی سێشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2017، مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەتەمەنی 84 ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.

بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی کاتژمێر 11 تەرمی مام جەلال بگاتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و لەلایەن بەرپرسانی ھەرێم و عێراق و چەند وڵاتێکەوە پێشوازی لێدەکرێت.

پاشان کەژاوەکەی بەرەو مزگەوتی گەورەى سلێمانى بەڕێدەکرێت و نوێژی لەسەر دەکرێت، دواتر بەرەو گردی دەباشان بەڕێدەکرێت کە بڕیاردراوە لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

بۆ ڕۆژی شەممە کاتژمێر یەک لە یاریگای سیروانی نوێ پرسە بۆ مام جەلال دادەنرێت، لەئێستاشدا لە فڕۆکەخانە و شەقامەکان و گردى دەباشان ئامادەکاریەکان تەواوکراون.

جەلال تاڵەبانی، ناسراو بە مام جەلال لەدایكبووی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٣ ، سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقە. تاڵەبانی لە ٦ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقەوە لە ٢٠٠٥ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا و لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ كۆتایی بە پۆستەكەی هات.



AM:09:27:06/10/2017