بە وێنە.. رۆژنامەنووسێکی کورد شەهید بوو

پەیامنێرێکی کوردی ئاژانسی هەوار نیوز دوای سێ رۆژ لە برینداربوونی لە لەناوچەی شەدادیە لە رۆژئاوای سوریا، ئەمڕۆ لە حەسەکە گیانی لە دەستدا.

ئاژانسی هەوارنیوز کە ئاژانسێکی رۆژئاوای کوردستانە بڵاویکردەوە، " لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و لە دوای سێ ڕۆژ مانەوەی بە برینداریی لە نەخۆشخانە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە هۆگر محەمەد پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوار شەهیدبوو".

هاوار نیوز نووسیوویەتی " چەتەکانی داعش ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە لە نزیک گوندی ئەبوفاس-ی سەر بە شارەدێی شەدادی، کە دەکەوێتە نێوان دێرەزۆر-ی باکوری سوریا و پارێزگای حەسەکە-ی ڕۆژئاوای کوردستان ئۆتۆمبێلێکی بۆمبریژکراویان بەو هاوڵاتیانەدا تەقاندەوە، کە دەیانویست هەڵبێن بۆ ناوچەکانی ژیر دەستی قەسەدە دەیان هاوڵاتیان کۆمەڵکوژ کرد".

هەروەها بڵاویکردەوە "لەو تەقینەوەیەدا سێ ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هاوار، کە بۆ ڕووماڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەردەلولی جزیرە چبوونە بەرەکانی شەڕ، پێوەبوون و دەستبەجێ یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان بەناوی دلیشان ئیبیش شەهید بوو، دوو ڕۆژنامەنووسەکەی دیکەش بەناوی هۆگر محەمەد و ڕزگار دێنیز بەسەختی برینداربوون، بەڵام دووای مانەوەی سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی پارێزگای حەسەکە ئەمڕۆ هۆگر محەمەد گیانی لەدەستدا".
 
هۆگر محەمەد پەیامنێری ئاژانسی هاوار ماوەیەکی زۆرە ئۆپەراسیۆنەکانی گەردەلولی جزیرەی ڕووماڵ دەکرد.



PM:08:18:15/10/2017