ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر كەركوك هاتەدەنگ

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی یەكەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان، لە بەیانامەیەكدا نیگەرانی خۆی سەبارەت رووداوەكانی كەركوك رایگەیاند.

لەبەیانامەیەدا هاتووە"ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات كردەوە توندو تیژییەكان رابگرن و زمانی دیالوگ بەكاربێنن بۆ ئەوەی یەك پارچەیی عێراق بەپێی دەستوری عێراق بپارێزن".

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت" ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی دوپاتیدەكەنەوە كە پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت‌و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەردەوام دەبێت لە هاوكاریی بۆ كارئاسانی دیالۆگی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی عێراق ".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕاشیگەیاند، داوا لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین خاڵە هاوبەشەکانیان لەبەرچاوبگرن و دامەزراوەکان وەکاربخەنەوە و هەڵبژاردنیش ئەنجامبدەن.

دەربارەی کێشەکانی شاری کەرکوک ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکرد کێشەی کەرکوک بە هێزی سەربازی چارەسەرناکرێت ودەبێت هەموو لایەک هەوڵی ڕێگرکردن بدات لە زیادبوونی گرژییەکان لە کەرکوک.



PM:11:18:18/10/2017