هاوپەیمانی دژی داعش: ئاگربەست ڕاگەیەندرا

هاوپەیمانی دژی داعش ڕایگەیاندووە، هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و ڕێککەوتنەکەش هەموو میحوەرەکان دەگرێتەوە.


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، نوسینگەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە باکوری عێراق.

ئاژانسەکە لە زاری وتەبێژێکی هاوپەیمانانەوە ئەوەشی وتووە، ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگەدا لە هەموو بەرەکان دەبێت.

دوێنێ هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە زومارەوە هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی پێشمەرگە دەستپێکرد کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای موسڵ، بە وتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیش هێرشەکەیان لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندراوە.

ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەش شەڕ و ڕووبەڕوبونەوە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە مەخمور و ناوچەی مەحمودیە ڕوویدا کە بەهۆیەوە ١٥ سەرباز بە دیلگیراون و ژمارەیەک هامەرییش تێکشکێنران و ژمارەیەک سەربازیش كوژراون و برینداربوون.

ڕۆژی ١٦ و ١٧ ئەم مانگەش هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی چوونە ناو کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی ترەوە و کۆنترۆڵیان کردنەوە.



PM:03:53:27/10/2017