دادگای سلێمانی چارەنووسی مریەم هەڵەبجەیی یەكلاكردەوە

ئەمرۆ دادگای سلێمانی دانیشتنێكی دیكە لەبارەی كەیسی مریەم هەڵەبجەیی بەڕێوەچوو و بە پشتبەستن بە پشكنینی (دی ئێن ئەی) چارەنوسی مریەم یەكلاكرایەوە.

لەمبارەیەوە ئەیاد كاكەیی، پارێزەری مریەم هەڵەبجەیی بە رووداوی وتووە: "لە دانیشتنی پێشووی دادگا دووبارە بڕیاردرا پشكنینی (دی ئێن ئەی) بۆ هەریەك لە مریەم هەڵەبجەیی ‌و گێلاس ئەسكەندەر بکرێتەوە كە پێشووتر وەها راگەیێندراوە گوایە دایكییەتی، ئێستاش دوای دانیشتنی دادگا ئەنجامەكەی دەرچووە، بەپێی دەرنجامی پشكنینەكان دەركەوت كە مریەم هاوناز نییە".

پارێزەری مریەم هەڵەبجەیی باسی لەوەش كرد، دادگا بڕیاری داوە لە دانیشتنی داهاتوودا كە بڕیارە  29-11-2017 بەڕێوەبچێت، گوتەی ئەو دایكەی مریەم وەربگرێت كە لە ئێران بەخێوی كردووە.

لە دانیشتنەكانی پێشووی دادگا گوتە لە دوو مامی هاوناز وەرگیرابوو و هەردووكیان جەختیان لەوە كردبووەوە كە مریەم هاوناز نییە، بەڵكو بەهۆی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، هاوناز گیانی لەدەستداوە ‌و لە ئێران بەخاكسپێردراوە، هەموو ئەو بەڵگانەش كە لە دانیشتنەكانی پێشووی دادگا خرانەڕوو ئەوە دەسەلمێنن كە مریەم هاوناز نییە.

مەریەم هەڵەبجەیی کچێکی کوردی ونبووی هەڵەبجەیە و لە ئێران گەورەبووە، لە ساڵی 2015 وەها راگەیێندرا كە ناوی راستەقینەی هاونازە ‌و دایکی هاونازیش دۆزرایەوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە لە ئاشكراكردنی ناسنامەكەی هەڵەكراوە.

وەک خۆی دەڵێت دوای ئەو هەڵەیە هەستی ئەوەی لەلا دروستبووە كە دووبارە ونبووەتەوە. تاوەكو ئێستاش لەسەر ساخبوونەوەی ناسنامەی راستەقینەی مریەم هەڵەبجەیی، دادگای سلێمانی چەند دانیشتنێكی ئەنجامداون ، لەدوای دانیشتنی ئەمڕۆش ئەوە پشتڕاستكرایەوە كە مەریم هاوناز نییە.



AM:11:22:31/10/2017