مەلا بەختیار: هەڕەشەی كارەساتی سیاسیمان لەسەرە

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات هەڕەشەی كارەساتی سیاسیان لەسەرە و لەبارەی دەسلەكاركێشانەوەی بارزانیش دەڵێت "بە دەستلەكاركێشانەوەی بارزانی خۆی لە هەڵمەتی ڕەخنەی ڕاست‌ و ناڕاست سەرفراز كرد".

لە نوسینێكدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی "هەڕەشەی كارەساتی سیاسیمان هێشتا لەسەرە، ئێمە دڵنیاین هەرچییەكی تر بەسەر دۆخی كوردستاندا بێت، ئەگەر لە كوردستان نەتوانین كۆتایی بەم تراژیدیایەش بهێنین، ئەوا دیسان دوای كارەساتی ترو خوێنڕێژی زیاتر، لە یەكێك لە پایتەختەكانی دونیا، هەر ڕێكدەكەوینەوە".

لەبارەی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر لە كەركوك وتوویەتی "ئەوەی یەكێتی سەلماندویەتی ‌و رایگەیاندوە، تەنها و تەنها، پێشنیازەكانی كۆبونەوەی دوانیوەرۆی (١٥ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧)ی دوكانە، رۆژی پێش پەلاماردانی كەركوك، لەم كۆبونەوەیەدا، هەموو پیشنیازەكانی بەغداد، بە هێنانی لیوایەكی سەرۆك مام جەلال ‌و پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی عێراق، كوردستان، ئەمەریكا و بەریتانیا، لە كەیوان، هەروەها، گفتوگۆكردنی بێمەرج لەسەر بنەمای دەستور، بەڵكو لە گفتوگۆشدا، ئەگەر حكومەتی عێراق پابەندی چۆنایەتی چارەسەركردنی كێشەكان بێت، مەسەلەی ڕیفراندۆم كۆتایی پێبێت، جگە لەم ڕێككەوتنە كە دەستبەجێ‌ لەناو كۆبوونەوەكە دەوڵەتمەدار عەبادی لێ ئاگاداركرایەوە، هیچ جۆرە ڕێككەوتنێكی تر، یان هیچ جۆرە بەڵێنێكی تر، لەگەڵ هەرلایەك كرابێت‌، یەكێتی وەكو سیاسەتی رەسمیی، لێی بێبەرییە".

ئەوەشی وتووە كە "ئەگەر وترابێت‌ یەكێتی ‌و پارتی پێشنیازەكانی بەغدادیان قبوڵ نەكردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركوك، ئەمەش خەڵك چەواشەكردنە، ژمارەی شەهیدەكان ‌و بەرەنگاری لەبەشێكی شەڕەكاندا، دەیسەلمێنێت‌ كە یەكێتی، بەرەسمی رێكەوتنی ژێربەژێری نەبووە".

مەلا بەختیار پێیوایە دەبێت لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی كەركوك بكات و دەشڵێت "دیارە پارتیش، ئەركی قورسترە، بۆ پیاچوونەوە بە كۆی ئەو بڕیارانەی دراون ‌و ئەو گفتوگۆیانەی لە كۆبوونەوەكاندا كراون، بەتایبەتی خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنەی سیاسەتی نێودەوڵەتی ‌و ئیقلیمی پێش‌ و پاش ڕیفراندۆم".

سەبارەت بە دۆخی هەرێمیش مەلا بەختیار لە وتارەكەیدا نووسیویەتی "ئێستا كە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەركەوت، كاردانەوەی ئیقلیمی سەپێنرا، گەوهەری بیركردنەوەی حكومەتی عێراقی بەرجەستە بوو، هەڵەكانی خۆمان زانی، كاتی پیاچونەوە و داڕشتنەوەی پرۆژەیەكی نوێی سیاسییە بۆ دانوستانێكی سەركەوتوو. كە بەداخەوە، لەساڵانی ڕابوردودا، بەپێی پرۆژەیەكی هەمەلایەنە، هەرێمی كوردستان، دانوستانێكی باشمان لەگەڵ بەغداد، نەكرد. بەڵكو بیانومان بەیەك دەگرت".

سەبارەت بە بڕیارەكەی بارزانیش لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، مەلا بەختیار وتوویەتی "بەرێز بارزانی، لەكاتێكی گونجاوی یاساییدا، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو. بەمەش، هەم خۆی لەهەڵمەتی ڕەخنەی ڕاست ‌و ناڕاست سەرفراز كرد، هەم دەرگایەكی شایستەی بۆ پەرلەمان ‌و دەسەڵاتەكان كردەوە، بۆ ئەم قۆناغە، هەتا هەنگاوی پێویست هەڵبگرن. بۆ هەڵبژاردن كاتێكی باش بەڕێوەیە، بتوانین باری گلاوی سیاسیمان راستبكەینەوە. باری گلاویش، تەنها و تەنها بە تەحەداو چاوەڕوانیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، ڕاستنابێتەوە. بەڵكو دەبێت بە هەڵسەنگاندن ‌و ڕەخنە لە خۆگرتن، بە زانینی هەڵەكان، بە دەستبەرداربوون لە قۆرغی دەسەڵات، بە راستكردنەوەی پارسەنگی حوكمڕانیی، بە دژایەتی راستەقینەی گەندەڵی، بە دەسەڵاتی تەواوی پەرلەمان، بە ئاڵوگۆڕی پێویست لە كابینەی ئێستادا بە چارەسەركردنی تەنگوڵەچەمەكانی خەڵك (لەپێشەوەدا پاشەكەوتی موچە) بە شەفافیەتی داهات‌ و لێپێچینەوە لەهەموو ئەو كارەساتە ئابوریانەی بەسەرماندا هات، بە رێگرتن لە مشەخۆران ‌و لە قاچاخچیەكانی بازاڕ و مۆنۆپۆلی بنەماڵە و دارودەستەكان،.. تاد. ئەم هەنگاوانە لە چەند مانگی ئایندە، دڵنیایی دەداتە ڕای گشتی گەلەكەمان‌ و پشتیوانی ئەزمونەكەشمان لەلایەن دەوڵەتانی دنیاوە، دەهێنێتەوە مایە".



PM:01:47:31/10/2017