فرسەت سۆفی: هێرشم نەكردۆتە سەر ڕابوون مەعروف

فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رەتیدەكاتەوە هێرشی‌ كردبێتەسەر رابون مەعروف و رایدەگەیەنێت كە تەنیا پێوتووە "داوای لێبوردن بكات تا توڕەیی خەڵك كەم بێتەوە".
 
شەوی ڕابردوو ڕابون مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لەبەرنامەی‌ تاوتوێی‌ كەناڵی‌ ئێن ئارتی‌ رایگەیاند كە شەوی یەكشەممە، لەدوای كۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن فرسەت سۆفی‌‌ و ئومێد خۆشناوەوە ئەشكەنجە دراوە و سوكایەتی‌ پێكراوە.
 
لەبەرامبەردا فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دەڵێت، "دوێنێ هەرچی لەدەستمان هات كردمان بۆ ڕاگرتنی خەڵك‌و پارێزگاریكردن لەڕابون معروف، خۆمان لەگەڵ پۆلیس ‌و هێزی ئەمنی دیوارمان دروستكردبو، چەندین گرتەی ڤیدیۆیش هەن ئەوە دەسلمێنن، هەر ئەو شەوە خۆم پەیوەندیم كرد بەبەڕێزان سەرۆكی حكومەت ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم‌ و كاك سیداد و وەزیری ناوخۆ بۆ ئەوەی تدخلی خێرا بكەن‌ و گیانی ئەو برادەرە سەلامەت بێت‌ و ڕەوشەكە كۆنتڕۆل بكرێت، تا گەیشتە ئەوەی كاك سیداد خۆێ هات".
 
دەشڵێت "كەچی لەكەناڵی nrt دەستی بەجنێو دان‌ و درۆ هەڵبەستن كردوە، من تەنها یەك شتم بەڕابون وتوە كە بێت داوای لێبوردن بكات تا توڕەیی ئەم خەڵكە كەم بێتەوە، لەوە زیاتر هەرشتێكی دیكەی وتبێت نامەردیەكی گەورەیە و ئیتر حەقە ئەم برادەرە ڕێزی خۆی بگرێت‌ و چیتر بەم زمانە پیسەی تۆی دوبەرەكی نەچێنێت".



PM:02:03:31/10/2017