سبەی سەرکردایەتی یەکێتی کۆنابێتەوە
سپی چۆنێتی ناکۆکیەکان بلآو دەکاتەوە

هەرچەندە پێشبینی دەکرا سبەی دوو شەممە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی تەواو بکرێت، بەلآم لەبەر قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێو حیزبە کۆبوونەوە سازناکرێت.

رۆژی شەممە ٤ تشرینی دووەم سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەی خۆیدا لەبەر رۆشنایی راپۆرتی لیژنەی رێکخستن بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکرد کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵوەشێتەوەو لەبری مەکتەبێکی سیاسی نوێ لە کۆی ٩ ئەندام یان ١١ ئەندام هەڵبژێردرێ، لە ئەنجامی ئەو رووداوە زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بە کۆسرەت رەسوڵی جێگر و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەستڕۆشتووی یەکێتی لەگەڵ زۆرینەی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکەیان جێهشت، جگە لە رەفعەت عەبدولآو مەحمود سەنگاوی و ئاسۆ ئەڵمانی کە لە کۆبوونەوەکەدا مانەوە.

وا  بڕیار بوو رۆژی دوو شەممە جارێکی تر سەرکردایەتی درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات، بەلآم لەبەر قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانیان بەیانی کۆبوونەوە سازناکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، مەکتەبی سیاسی هەر لەو کۆبوونەوەیەوە تا ئێستا بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بە ناچاری مامەڵە لەگەڵ بڕیاری زۆرینەی سەرکردایەتی دەکەن و چیتر وەک ئەندامی سەرکردایەتی نامێننەوە، یان دادەنیشن، بەلآم ژمارەیەکیان مل نادەن و نایانەوێت پۆستەکانیان جێبهێڵن.

ئێستا لە نێو یەکێتیدا چوار گرووپ ئامادەییان هەیە، ماڵی تاڵەبانی و، کۆسرەت رەسوڵ و، گرووپەکەی لاهوری شێخ جەنگی لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی و،  پاشماوەکانی بەرهەم ساڵح  لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە یەکێک لە کێشەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی نوێیە، کێشەیەکی تریشیان لەسەر وادەی کۆنگرەیە کە لەسەر کاتی سازدانی کۆنگرە ڕێکناکەون.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەر بڕیاری زۆرینەی سەرکردایەتی جێبەجێبکرێت، دەبێت ئەم مەکتەبەی سیاسی ئێستا هەڵوەشێتەوەو نەمێنێت، لەو کاتەدا سەرکردایەتی و جێگری یەکەمی سکرتێر دەمێننەوە. 
 


 
 




PM:11:40:05/11/2017