پارتی بڕیاریدا بگەڕێتەوە بەغدا

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بگەڕێنەوە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 15ی تشرینی دووەم، فراكسیۆنی پارتی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تایدا هاتووە " لە پێگەی بەرپرسیاریەتی و هەستكردن بەو رەوشەی عێراق بە گەل و نیشتیمانەوە لەسەر هەموو ئاستەكان پێیدا تێپەڕ دەبێت و هەروەها لە سۆنگەی بڕوابوونمان بەوە كە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن تەنیا چارەسەری هەموو كێشە و قەیرانەكانە، بڕیارمان دا بگەڕێینەوە و بەردەوام بین لە كاری پەرلەمانی خۆمان شان بەشانی خوشك و براكانی ترمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".

فراکسیۆنی پارتی دەڵێن " كوتلەی پارتی یەكێكە لە گەورە كوتلە پەرلەمانییەكان و پێشتریش هەوڵی داوە بۆ ئەوەی دەستوور یەكلاكەرەوە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكان، بە تایبەتی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی ئیتیحادی و گەڕانەوە بۆ بنەمای هاوبەشی نیشتیمانی و تەوافوقی سیاسی و بڕوامان وایە كە ئەگەر دەستوور بە شێوەیەكی دروست جێبەجێ بكرێت ئەوا دەرفەت دەڕەخسێت بۆ هەموو لایەنەكان لەسەر بنەمای ئاشتیانە بگەنە چارەسەر و لەو رێگەیەشەوە پارێزگاری لە بەرژەوەندی هەموو پێكهاتە و لایەنەكانی عێراق بكرێت". 

ئەو فراکسیۆنە ئاشکرای دەکەن كە پێویستە هەولێر و بەغدا بە ئاشتی و لەسەر بنەمای دەستوور دەست بە گفتوگۆیەكی ڕژد بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. 



PM:07:19:15/11/2017