پارتی: ئەگەر یەکێتی دەنگی ٢١ ئەندامی مسۆگەر بکردایە تا ئێستا بێ پارتی کۆبوونەوەی دەکرد

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند" ئەگەر یەکێتی تا ئێستا بیتوانیایە دەنگی ٢١ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگار مسۆگەر بکردایە، ئێستا کۆبوونەوەی کردبوو پارێزگاریشیان دانابوو".

محەمەد خورشید بەرپرسی لقی چواری پارتی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ دا گومانی خۆی دەربڕی لەسەر سازدانی کۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ڕەنگە ئەو کۆبوونەوەیە نەکرێت.

ناوبراو وتی " لەسەر کۆبوونەوەکە رامان جیایە، هەندێک لایەن دەیانەوێت بەس بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری کۆبوونەوە بکرێت، ئەم رایە لەگەڵ ئێمەدا جیاوازە".

وتیشی" ئەو لایەنەی ئێستا لە کەرکوکە وەک پێش ١٦ ی تشرینی یەکەم لەگەڵ ئێمە و لایەنەکانی تر گفتوگۆ دەکات، بەلآم لەگەڵ لایەنەکانی تری بالآدەست لەکەرکوک بەزمانێکی تر قسە دەکات.

خورشید وتی " کۆبوونەوە لەکەرکوک کارێکی ئاسان نییە، چونکە مەترسی لەسەر شکاندنی کەسایەتی ئەنجومەن و ژیانیشیان هەیە، ئەگەر لەناو کەرکوک سازبکرێت، دەرەوەی کەرکوکیش زەحمەتە، چۆن دەتوانی بڕوا بە ئەندامانی ئەنجومەن لەپێکهاتەی تورکمان و عەرەب بکەیت بێن بەشداری کۆبوونەوە لەدەرەوەی کەرکوک بکەن".

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەموو بارەگاکانی پارتی لەلایەن حەشدی شعبی و حەشدی تورکمانیەوە داگیرکراوە.

محەمەد خورشید مەترسەیەکی نهێنییەکی قورسی رۆژی ١٦ تشرینی یەکەمی ئاشکرا کردوە وتی" ئەگەر پارتی شەڕی بکردایە لایەنەێک بڕیاری هەبوو لە دواوە لێی بدات، ئەمەش دەبووە مایەی شەڕی ناوخۆ".

وابڕیارە رۆژی سێ شەممە ٢١ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوە دوای داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆببێتەوە.






PM:10:00:19/11/2017