هەڤاڵ ئەبوبەكر دوای دەستبەكاربوونی سەروەت و سامانەكەی ئاشكرادەكات

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەبەردەم ڕۆژنامەنوساندا سەروەت و سامانەكەی ئاشكراكرد و ڕاشیگەیاند كە سبەی سێشەممە بەفەرمی سوێندی یاسایی لەبەردەم سەرۆكی حكومەتدا دەخوات.

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانونی یەكەم لەپاش دەستبەكار بوونی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەكر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەبەردەم ڕۆژنامەنوساندا سەروەت و سامانەكەی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند "لە خانویەكدام كە هی باوكمە و خاوەنی دوو ئۆتۆمبیلیشم كە یەكێكیان نەوشیروان موستەفا، ڕێكخەر كۆچكردووی گۆڕان پێیبەخشیووم ئەوی دیكەیان كە مامۆستای زانكۆبووم كڕیومە و تا ئێستا ماومە".

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاشكرایكرد كە سبەی سێشەممە 5ی كانوونی یەكەم لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەڕمی سوێندی یاسایی دەخوات و لە مەراسیمەكەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری ناوخۆ ئامادە دەدەبن
پارێزگاری نوێی سلێمانی سوپاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشی كرد كە توانیوێتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات ئەنجامبدەن لەسنوری سلێمانی و وتیشی"بونیادی حكومەتێكی خۆجێی راستەقینە دەنێین و زەمینەی لێبوردەیی و یەكتر قبوڵكردن دەرەخسێنین و سامان و داهاتەكانی سلێمانیش ئاشكرا دەكەین".

داواشی لە ڕۆژنامەنوسان كرد كە چاودێر و ڕەقیب بن بەسەر كارەكانیانەوە تا پێكەوە كاری باشتر بۆ سلێمانی ئەنجام بدەن.



PM:12:00:04/12/2017