لەناو یەکێتی هەوڵێک بۆ جیابوونەوە دەدرێت

مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر " رەوتی نوێکردنەوەو دروستکردنەوەی یەکێتی" هاتە دەنگ و  دەڵێت" ئەم هەنگاوە لە دەرەوەی پەیڕەو و پڕۆگرامی (ی،ن،ک)ـە و کارێکە بە ئاڕاستەی جیابوونەوە".

هەفتەی پێشوو لە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرووپێکی نوێ راگەیاندرا بەناوی " رەوتی نوێکردنەوەو دروستکردنەوەی یەکێتی" راگەیاندرا، مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی لەبارەی ئەو رەوتەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوەو دەڵێت" دروستکردنی هەر رەوتێک بە هەرناو و ئامانجێک هێندەی بۆ مەرام و دەسکەوتی تایبەتییە".
 
دەقی روونکردنەوەکە

لە ماوەی رابردوودا، رەوتێک بەناوی (رەوتی نوێکردنەوە و دروستکردنەوەی یەکێتی) راگەیەنرا، کە لە لایەن ژمارەیەک هەڤاڵی یەکێتی وە کاری بۆ ئەکرێت، بۆیە لێرەوە بە پێویستی ئەزانین بە هەموو لایەکی رابگەیەنین، ئەم هەنگاوە لە دەرەوەی پەێڕەوو پڕۆگرامی (ی،ن،ک)ـە و کارێکە بە ئاڕاستەی جیابوونەوە لە حیزب خزمەت بە یەکێتی ناو یەکێتی ناکات و هەوڵێکیشە بەمەبەستی لە مپەڕدانان لە بەردەم  بەستنی چوارەمین کۆنگرەدا، کە ئەمەش بە هیچ جۆرێک پەسەند کراو نییە، دروستکردنی هەر رەوتێک بە هەرناو و ئامانجێک هێندەی بۆ مەرام و دەسکەوتی تایبەتییە ، ئەوەندە هەنگاوێک نییە بۆ چارەسەرکردنی هیچ گرفتێک یان زیندووکردنەوەی پرەنسیپە ونبووەکانی حیزب.

بۆیە راستر وایە، ئەو هەڤاڵانە لەڕێگای وێستگە شەرعێکانەوە هەنگاوبنێن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، نەک لەڕێگای ناشەرعی و پێچەوانە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب، جارێکی تر جەخت ئەکەینەوە لەوەی ئەو هەنگاوە دەچێتە دەرەوەی بازنەی کاری حیزبی و دەڕژێتە خانەی خزمەت کردن بە دژ و نەیارەکانی یەکێتی، سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مامیش لەم جۆرە هەنگاو و کارانەدا، لە بەدیهێنانی ئەرکە قورسەکانی دا دوور ئەکەوێتەوە، بۆیە پێمان وایە قۆناخەکە پێویستی بە هەوڵ و کۆششی تەواوی هەڤاڵانەو تا بەستنی گۆنگرەش پابەند بوون بە پەیڕەو و پڕۆگرامی پەسەندکراوی یەکێتی وە ئەرکی بنچینەی ژیانی حیزبی و سیاسیمان دەبێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان                                             
مەکتەبی ڕێکخستن
٦-١٢-٢٠١٧ 



PM:08:07:06/12/2017