موچەی کام وەزارەت دەکەوێتە ساڵی نوێوە؟

لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ھاتەدەنگ و بڕیاردەری لیژنەکەش و ڕاشیدەگەیەنێت، "موچەی مانگی ئەیلولی ھیچ وەزارەتێکیش ناکەوێتە ساڵی داھاتوەوە".


بەشێک لەمیدیاکان بڵاویانکردۆتەوە، موچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران بەنادیاری دەمێنێتەوە، تاکۆتایی ئەم مانگەش تەنھا موچەی چەندە وەزارەتێک دەدرێت، بەھۆی نەبونی پارەی پێویست لەبەردەستدا.

ھیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لیژنەی  دارایی لەپەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن تاکۆتایی ئەم مانگە تەنھا موچەی چەندە وەزارەتێک دەدرێت، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە "بەگوێرەی ئەو بەدواداچونەی ئێمە لەگەڵ حکومەت کردومانە، پێدانی موچە بەردەوامدەبێت، بەگوێرەی ئەو داھاتانەشی دەکەوێتە دەستی پێدانی موچە بەھیچ شێوەیەک ناوەستێت".

وتیشی "دابەشکردنی موچە بەگوێرەی ئەو داھاتانە دەبێت کە دەکەوێتە دەستی حکومەتی ھەرێم، ھەموو ھەوڵی خۆیشیان دەدەن کە موچە بدەن".

ھیڤا میرخان وتیشی "دوای ئەوەی بەشێک لەنەوتی ھەرێم کەوتە دەست حکومەتی بەغدا، فرۆشتنی نەوت کەمتر بۆتەوە، بەڵام بەگوێرەی داھاتی ناوخۆو ئەو داھاتانەی بەھۆی نەوتەوە دەکەوێتە دەست حکومەت، دابەشکردنی موچە بەردەوامدەبێت و موچەی ھیچ وەزارەتێکیش بۆ مانگی ئەیلول ناکەوێتە ساڵی داھاتوەوە".

هاوکات بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی داراییەوە دەست "سپی میدیا" کەوتووە لە هەفتەی داهاتوودا خشتەی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران ڕادەگەیەندرێت.



PM:04:06:08/12/2017