سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پەیامێک ئاڕاستەی لاهور جەنگی دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی  لە پەرلەمانی کوردستان، لەنوسینێکدا ڕەخنە لە حزبەکەی دەگرێت و ھۆکاری وەڵامنەدانەوەی لاهور جەنگیش ئاشکرا دەکات.


ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە نووسینێکدا، ڕایگەیاندووە، "دەتوانم وەڵامێکی توندی لاھور جەنگی بدەمەوە، بەشێوەیەک چوار رۆژان بتتەزێنم".

ئومێد خۆشناو رەخنە لە سەرکردایەتیی حزبەکەشی دەگرێت، کە وەک ئەو دەڵێت "جڵەویان بۆ لاھور جەنگی و ئاراسی برای شل کردووە، تاوەکو بە دڵی دوژمنانی کوردستان و خۆیان، لێدوان دژی گەلی کوردستان بدەن".

دوێنێ چوارشەممە، لەمەراسیمێکی تایبەت بە شەهیدانی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین، لاهوری شێخ جەنگی ڕایگەیاند " ئەمجارەش راپەرینێک لەسەر دەستی ئێوە روودەدات".

ناوبراو وتی " ئێمە قوربانی ٤٢ ساڵ لەمەوبەرین کە لەساڵی ١٩٧٥ دووچاری ئاشبەتاڵیان کردین، رابەری ئاشتبەتاڵ رەخنەی لە ئەمەریکا دەگرت، کەچی دوای چووە ئەمەریکاو داوای پەنابەری کرد".

لاهوری شێخ جەنگی لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر پارتی کە سیفەتی خیانەتی دەدەنە پاڵ، وتی " چۆن دەتوانم خیانەت لەکەرکوک بکەم، ئەو تۆمەتانە بێ بنەماو پووچەڵن، دەبێت بەڵگەی وا بخەمە روو کۆتایی بە ئەزموونی ٤٢ ساڵە و واتە واتی حوکمی بنەماڵە بهێنم".



PM:06:38:14/12/2017