فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فەرماندەیەکی باڵای کورد دەردەچێت

دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە لەعیراق، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق كە کوردە دەردەكات.

عالیە نوسەیف پەرلەمانتاری دیاری دەوڵەتی یاسا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە میدیاکانی نزیک یەکێتی راگەیاندووە " ئەو فەرماندە كوردە سەبارەت بەگرێبەستێكی وەزارەتی بەرگری عیراق لەگەڵ وڵاتی چیك وتەی لێوەرگیراوەو دوای لێكۆڵینەوەش لە وتەكانی بۆ دادگا ڕونبۆتەوە كە سامان و موڵكی گشتیی بەهەدەرداوە، بۆیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە".

پەرلەمانتارەکەو دەوڵەتی یاسا دەڵێت " ئەنوەر حەمە ئەمین تۆمەتبارەو هەوڵیداوە بەبیانوی ئیفاد گەشت بكات بۆ ئەڵمانیاو هەڵبێت لەدەستی دادگا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتی لەسەرە، گەشتەكەی لێ قەدەغەكراوەو ئێستاش بەهیچ جۆرێك ناتوانێت گەشت بكات بۆ دەرەوەی وڵات".

نوسەیف دەڵێت " دۆسێی دەستگیركردنی ئەنوەر حەمە ئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عیراق نوێ نییە".

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای دەکات کە دەبوایە ئەم فەرمانە 15 ڕۆژ پێش ئێستا جێبەجێبكرایە.

ئەو وتی"‌ دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە نوسراوی فه‌رمی ئاراستەی وەزارەتی بەرگری عیراق كردووه‌ بۆ دەستگیرکردنی".

ئەنوەر حەمە ئەمین کە فەریق ڕوكن و بە ڕەگەز كوردە و خەڵكی شاری كەركوكە، لەساڵی 2008ەوە، بۆتە فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق تائێستاش بەردەوامە.



PM:06:05:28/12/2017