پارتی هێزەکەی لە سلێمانی کشاندەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەمانگی رابردوو لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکاندا هێزێکی زۆری هێنابووە سلێمانی و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایە، ئەم ئێوارەیە دەستی بە کەشانەوەیان کرد.

پەیامنێری سپی لە سلێمانی رایگەیاند" چەندان ئۆتۆمبێلی گەورەی زڕیپۆش هەڵگر ئەم ئێوارەیە لە بەرامبەر بینایەی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی لەسەر ڕێگای تاسلوجە سلێمانی دەستیان کرد بە گواستنەوەی زرێپۆش و هێزە سەربازییەکانیان لە سلێمانی بەئاراستەی دوکان و گەڕانەوە بۆ هەولێر".

پەیامنێری سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێزەکەو گواستنەوەیان بە بەرچاوی خەڵکی ئەو ناوچەیەوە دەبینران.

لەناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم ئەدهەم بارزانی بەرپرسی سەرکردایەتی سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە مەبەستی پاراستنی بارەگاکانیان هێزی زێرەڤانیان هێناوەتە سلێمانی. ( زیاتر لە ١٠٠٠ چەکداری زێرڤانیان هێنابووە سلێمانی).

ئەو هێزە کە سەرەتا بەئاگاداری یەکێتی هاتبووە سلێمانی، بەلآم دواتر لەلایەن هەندێک بەرپرسی یەکێتی یەوە رەخنەی لێگیرا.

لەخۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی ناوچەکانی سلێمانی و هەڵبجەو گەرمیان و راپەرین و کۆیەدا بەدەیان بارەگای حیزبی و حکومی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنران، سێ هاولآتیش شەهیدبوون و بەسەدانی تر برینداربوون، هەروەها هێزە ئەمنییەکانی بەسەدان گەنجیان دەستیگیرکرد.
  

 



PM:07:04:04/01/2018