سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: چوونی وەفدی سێ لایەنەکە بۆ بەغدا سواڵی دەنگە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی سەردانی وەفدی سێ لایەنەکە بۆ لای سەرۆک وەزیرانی عێراق بە "سواڵی دەنگە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە" ناودەبات.


ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی "بەغدا نیوەی ڕێتان بێت" پرسیاری ئەوەی کردووە "کە ئاخۆ ئەوانەی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەغدا بوون، چەند جار پڕ بە قورگیان ھاواریان دەکرد کە نابێت شاندی حزبی بچنە بەغدا؟ ئێستا نییە، دەمێکە و عەیامێکە، کوڕگەلێک ھەن، ھەمیشە تامەزرۆی بەغدان".

لەبارەی ئامانجی سەردانی سێ لایەنە بۆ بەغدا ئومێد خۆشناو دەڵێت "سواڵی دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە دەکەن، هەروەها ھەوڵێکە بۆ زیاتر لاوازکردنی کوردستان و شکانی شکۆ و ھەیبەتی گەلێک".

ئومێد خۆشناو پێشیوایە کە پێویستە چیتر باس لە یەکڕیزیی نیشتمانی نەکرێت و دەڵێت "یەکڕیزی بە تۆبز و فشار و شەڕە مل دروست نابێت".

دەشڵێت "لە مێژوودا زۆرێک ھاتن و چوون، حەزیان بە بەغدا کرد و ھیچ بەدەست لێی دەرچوون، ئێوەش بڕۆن، بەغدا نیوەی ڕێتان بێت، بەڵام کە ھاتنەوە ئاوڕێک لە ڕابردوو دەنەوە".

ئەو ووتانەی ئومێد خۆشناو وای ئەوەدێت دوێنێ شاندێکی هاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری سەردانی بەغدادیان کرد، لەگەڵ حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوونەوە و  لە ڕاگەەندراوێکیشدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد عەبادی بەڵێنیداوە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات.



AM:09:49:05/01/2018