پەرلەمانتارێک بڕیارێکی بەغدا لەبەرژەوەندی موچەخۆرانی ھەرێم ئاشکرادەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق نوسراوێک ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکات دەکات بەمەبەستی خەرجکردنی یەک لەسەر 12ی بودجە بۆ  وەزارەتەکان تائەوکاتەی پڕۆژەیاسای بودجە پەسەنددەکرێت لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە دەدات، ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت "ئەگەر ڕێککەوتن لەنێوان ھەردولابکرێت پشکی ھەرێم بەگوێرەی ئەو پێشنیازە ڕەوانەدەکرێت".


مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "بەگوێرەی یاسای ئیداریی و قەرزی گشتیی دەوڵەت، لەکاتی پەسەندنەکردنی بودجەی ساڵانەدا دەتوانرێت یەک لەسەر ١٢ی بودجەی ساڵی ڕابردوو بەکاربھێنرێت تائەوکاتەی یاسای بودجە پەسەند دەکرێت".

مەسعود حەیدەر وتیشی "لەئێستادا بەفشاری نێودەوڵەتی و جگەلەوەش چەند فاکتەرێکی دەرەکی وایکردوە عیراق لەبەرامبەر ھەرێمدا نەرمی بنوێنێت بۆ دانوستان و ئەوەش وادەکات بودجەی بەکاربەر ڕەوانەی ھەرێم بکات".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەوەشی ڕونکردەوە، "بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دەوڵەت، ئەگەر کار بەو ڕێنماییە بکرێت، بەغدا یەک لەسەر ١٢ی پشکی ھەرێم ڕەوانە دەکات و ئەوکاتیش دەتوانرێت بودجەی سەرجەم فەرمانبەرانی ھەرێم خەرجبکرێت ھاوشێوەی دامەزراوەکانی دیکەی عیراق".



PM:03:55:05/01/2018