پارتی گرووپێکی ناو یەکێتی تۆمەتبار دەکات لە پشت داخستنی کۆمپانیای کارەوەن

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند "گومانی تێدانییە کە پلانی داخستنی کۆمپانیای کار لە کەرکووک، ”دەستی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەری تێدایە".
 
ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕێگەگرتن لە کارکردنی کۆمپانیای (کار) لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری کەرکووک، بە ماڵپەڕی باسنیوز)ی نزیک پارتی راگەیاندووە ”ئەو بڕیارە وەک ئەو بڕیارانەیە کە لە کاتی ڕیفراندۆم لەلایەن پەرلەمانەوە دژی ھەرێمی کوردستان دەرکران، بۆیە لایەنی فەرمی دەتوانێت جێبەجێی نەکات".
 
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بێگومان دەستی (س ) و خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر لێرەشدا ھەیە، چونکە ئێمە شەو و ڕۆژ لەگەڵیان دادەنیشین و دەیانبینین، ئەوان قسەیەکی خێر نە بۆ یەکێتی و نە بۆ میللەتی کورد ناکەن".
 
ئاماژەشی بەوە کرد کە کۆمپانیای کار، کۆمپانیایەکی ئەھلییە و وەبەرھێنانی کردووە لە سنووری کەرکووک، بۆیە ئەوەی پەرلەمانی عێراق ”تەنیا بڕیارە نەک یاسا دەکرێ جێبەجێ نەکرێت".
 
ڕۆژی دووشەممە 8/1/2018، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لەمەودوا گرووپی کۆمپانیاکانی (کار) لە کێڵگەکانی کەرکووکدا کار نەکات و سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندیدار بە نەوت لە سنوورەکە بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بدرێت.



PM:11:14:09/01/2018