دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی ساڵی ڕابردوو دەکرێت

بۆ دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاوڵاتیان لەئەمساڵدا چاوەڕوانی دوایین وەڵامی وەزارەتی بازرگانی عیراق دەكرێت و بەرێوەبەری كۆمپانیای خۆراكیش لە سلێمانی دەڵێت"برنج و شەكر و زەیتمان بەدەست گەیشتووە و هەركات ئاگادار بكرێینەوە دەست بەدابەشكردنی دەكرێت".


شەوكەت محەمەد، بەرێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لەسلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاندووە "بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان لەئەمساڵدا چاوەڕوانی دواین وەڵامی هەردوو وەزارەتی بازرگانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكەین كە ئەو بەشە خۆراكانەی دابەش دەكرێت، بەشە خۆراكی  مانگی ئابی ساڵی رابردوو یاخود  بەشە خۆراكی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ دەبێت.

ئاشكراشیكرد، "بڕی پێویست برنج  و شەكر و زەیتمان بەدەست گەیشتووە و هەركات ئاگاداربكرێینەوە  لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتحادییەوە دەست بەدابەشكردنی بەشە خۆراك بەسەر هاوڵاتیاندا دەكرێت".

روونیشكردەوە، تائێستا یەكلانەكراوەتەوە  كە بەشە خۆراكی هاوڵاتیان و شیری منداڵان كە لەساڵی رابردوودا  كەدابەش نەكراوە قەرەبووی هاوڵاتیان دەكرێنەوە یاخود نا.

بەرێوەبەری كۆمپانیای خۆراك تەئكیدیشی كردەوە هەر ڕێنماییەك لەبارەی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان و قەرەبووكردنەوەی لەلایەن حكومەتی ئیتحادییەوە دەربكرێت لەهەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت.



PM:09:15:10/01/2018