پارتی لە کەرکوک بایکۆت و لە پارێزگای نەینەوا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حزبەکەی تەنها لە پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکات و لە پارێزگای نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.


خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەری فەرمی حزبەکەی ڕایگەیاند "ئێمە بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنمان تەنیا بۆ سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدین دەرکردووە و پارتی بەشداریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال و مەخمووردا دەکات، تا ئێستاش بڕیاری بایکۆتمان بۆ پارێزگای نەینەوا نەداوە و بەشداری دەکەین".

ئەوەشی وتووە، لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، لە سنووری پارێزگای نەینەوا کورد ٨ کورسی پەرلەمانی هێناوە، کە ٦ کورسییان بەر پارتی کەوتووە.

ڕۆژی ١٥ ی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان  بڕیاریدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، داواشی لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کردووە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.



PM:08:33:17/01/2018