ئێران بەرپرسێكی خۆی بۆ ناوبژیوانی هەرێم و بەغدا دەنێرێتە عێراق

باڵوێزی‌ ئێران لەعێراق، ڕایگەیاند كە ئێسحاق جەهانگیری، جێگری یەكەمی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی عێراق دەكات بۆ ناوبژیوانی‌ كێشەكانی‌ نێوان هەرێمی‌ كوردستان و بەغدا.

ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی‌ ئێران لەعێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئێسحاق جەهانگیری جێگری یەكەمی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی عێراق دەكات، وتیشی "هەوڵ دەدەین دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت و لەمبارەوە گفتوگۆمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و بەغداش كردووە و بە هۆی ئەم گفتوگۆیانەوە ڕێككەوتنی سەرەتایش كراوە".

ئیرەج مەسجدی وتیشی: تا نزیكی نەوروۆز هاتوچووی نێوان بەرپرسانی باڵای ئێران و عێراق زۆر دەبینین و پلانرێژی كراون.

ئەم لێدوانە دوای ئەوەدێت پێش نیوەرۆی‌ ئەمرۆ شەممە، وەفدی‌ باڵای‌ حكومەتی‌ هەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆماری‌ ئێران و سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ ئێران كۆبونەوە.

میدیا ئێرانییەكان بڵاویانكردەوە لەیەكەم چالاكی‌ سەردانەكەیاندا وەفدی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەگەڵ هەریەك لە حەسەن رۆحانی‌ سەرۆك كۆماری‌ ئێران و شەمخانی‌ سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ ئێران كۆبونەتەوە.

عەلی‌ شەمخانی‌ لەبارەی‌ كۆبونەوەكەی‌ لەگەڵ بەرپرسانی‌ باڵای‌ هەرێم وتی‌ "هەرێمی‌ كوردستان سیاسەتێكی‌ نوێی‌ دەستپێكردووەو پێشوازی‌ لێدەكەین"




PM:02:26:21/01/2018