سوپای توركیا ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی ئاشكرادەكات

سوپای توركیا ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی لەكاتی پەلاماردانی بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكات و ژمارەكە لەوە زۆرترە كە پێشتر بەرپرسانی توركیا باسیان دەكرد.

نورەدەین جانكیلی، وەزیری بەرگری توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی دانینا بەوەی 29 سەربازی هێزەكانیان لەمیانی ئەو پەلامارانەدا كوژراون كە بۆ سەر عەفرین دەستیان پێكردووە.

مەزەندە دەكرێت ژمارەی كوژراوانی سوپای توركیا زیاتر بێت لەوەی ئەنقەرە رایگەیاندووە، بەڵام بۆ رێگرتن لە وروژانی رای گشتی وڵاتەكە، راستی ژمارەی كوژراوەكانیان دەشارنەوە.

وەزیری بەرگری توركیا بانگەشەی ئەوەشیكرد كە سەرجەم ئەو چەكانەی لە پەلاماردانی عەفریندا بەكاریان دەهێنن دروستكراوی توركیان، بەڵام وێنە و دیمەكانی شەڕەكە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن، بەتایبەتیش ئەو بەشێك لەو تانكانەی توركیا لەدژی عەفرین بەكاریان دەهێنێت دروستكراوی ئەڵمانیا و ئەو پرسەش مشتومڕی لەناوخۆی ئەڵمانیا دروست كردووە.
 
وەزیری بەرگری توركیا ئەوەشی خستەڕوو كە لە هێرشەكانیان بۆ سەر عەفرین هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ روسیادا هەیە و بەردەوام روونكردنەوەیان پێشكەش دەكەن.



AM:09:35:31/01/2018