سپی زانیاری ورد لەسەر تەقەکردنی بازگەی دێگەڵە لە " گەنجانی ولآتپارێز" بلآودەکاتەوە

لە رۆژی چوارەمی ئەو کاروانەی "گەنجانی ولآتپارێز" لە سلێمانیەوە دەستی پێکرد، ئەمڕۆ گەیشتە دەروازەی ناوچەکانی پارتی لە دێگەڵە، بەلآم دوای شەش کاتژمێر رێگاگرتن دوایی بەبریندارکردنی سەرجەم خۆپیشاندەران گەڕێندرانەوە بۆ کۆیە.

هێرش شارەزووری کە یەکێکە لە رێکخەرانی ئەو کاروانە خۆپیشاندانە بە سپی میدیای راگەیاند" دوای چوار رۆژ رێکردنمان لە سلێمانیەوەو پێشوازی لێکردنمان لەسەرجەم شارو شارۆچەکانی سەر رێگای سلێمانی - کۆیە، بەلآم لە رێگای دێگەلە، هێزەکانی پارتی رێگایان لێگرتین".

هێرش شارەزووری لە درێژەی لێدوانەکەیدا رایگەیاند" لە بەیانی کاتژمێر ١٠ ەوە گەیشتینە خاڵی پشکنینی دێگەڵە، لە بازگەکە رێگایان لێگرتین، هەرچەندە پەیوەندیمان کرد بە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرەوە ئەوان لەگەڵ ئەوەدابوون رێگامان پێبدرێت، بەلآم بازگەکە نەیهێشت کاروانی خۆپیشاندانەکەمان ٧٢ گەنج بوو کە ١٧ یان ئافرەتبوون".

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانییەوە تا چوار پاشنیوەرۆ ماینەوە، بەلآم بازگەکە رێگای نەدا بڕۆین، ئێمەش لەهەوڵدابووین بڕۆین، بەلآم لە بازگەکەوە بە تەقەو بەردو دار چەکدارانی بازگەکەو هەندێک لایەنگری پارتی پەلاماریان داین".

هێڕش شارەزووری ئاشکرای کرد کە سێ گەنجمان بە فیشەک برینداربوون، هەروەها لەو ٧٢ کەسەی ترمان کەسمان نەماوە بە بەردو دار بریندار نەکرابێت.

ئەو چآلاکوانە ئەوەی خستە روو کە ئەوان ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ کۆیە،" دوای ئەوە هێزەکانی پارتی نەیانهێشت بچینە هەولێر".

لە رۆژی ٣٠ کانوونی دووەمەوە لە سلێمانیەوە ٧٢ گەنج وەک پاڵپشتێکی مانەوەی بۆ بەرخۆدانی عفرین بە پێ کەوتوونەتە رێگاو دەیانەوێت بگەنە دەروازەی سمێلکا و لەوێوە خۆیان بگەیەننە رۆژئاوای کوردستان، کارانی خۆپیشاندانەکە ئالآو دروشمی رۆژئاواو بەرخۆدانی عفرینیان بەرزکردۆتەوە.  





PM:08:30:02/02/2018