لەبارەی زیادكردنی نرخی كارەباوە هۆشداری دەدرێت

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی نیگەرانی لە بەرامبەر بەرزكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبا لەهەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت "ئەم هەنگاوە توانای كێبڕكێی كارگەكانی كوردستان لەبەردەم بەرهەمە هاوشێوەكانی دەرەوە لاواز دەكات‌".

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ناڕەزایی‌و نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەم هەنگاوەی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و دەڵێت "ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بوین حكومەتی هەرێم لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بوژاندنەوەو بەهێز كردنی كەرتی تایبەتدا چاو لەحكومەتی ناوەندی عێراق بكات كە نرخی یەكەی كارەبای لە 40% بۆ كارگە پیشەسازییەكان كەم كردوەتەوە، وەزارەتی كارەبای حكومەتی عێراق نرخی یەك كیلۆوات كارەبای لەسەر كارگە پیشەسازییەكان لە 100 دینارەوە كەمكردوەتەوە بۆ 60 دینار، بەڵام لەبەرامبەردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو ساڵی رابردودا نرخی كارەبای بەڕێژەی 500% لەسەر كارگە پیشەسازییەكان بەرزكردوەتەوە، كە نرخی كارەبای بۆ یەك كیلۆوات لە 20 دینارەوە بەرزكردوەتەوە بۆ 120 دینار".

 ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەرزكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبا لەم دۆخەدا "هەنگاوێكی بێ پلان‌و بەرنامەرێژنەكراوە و سەرەنجام ئەركی سەرشانی كەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستاندا گران‌و قورستر دەكات‌و دەبێتە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمە ناوخۆییەكان".

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوە هاتووە "لەدیدی ئێمەوە كەرتی تایبەت شادەماری سیستەمی ئابوری بازاڕ‌و ساڕێژی نەخۆشییە ئابورییەكانی هەر وڵاتێكە، كەرتی پیشەسازیش وزەی گەشەپێدانی ئابوریی وڵاتانی ئەمڕۆی جیهانە، بەڵام لەكوردستان وەك تێبینی دەكرێ كەمترین بایەخ‌و بەها بەم كەرتە دەدرێت‌و هیچ ستراتیژییەت‌و پلانێكی ناوەندخایەن‌و درێژخایەن بۆ گەشەی ئەم كەرتانە بەدیناكرێت". 

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی كارەبا دەكات لەپێناو پێشخستنی كەرتی تایبەت‌و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو بەهێزكردنی توانای كەرتی پیشەسازییدا لەروی نرخ‌و كوالێتییەوە بەرامبەر بەكێبڕكێی بەرهەمی دەرەكی، چاو بەبڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی یەكەی كارەبادا بخشێننەوە‌. 

ڕاشیدەگەیەنن "بڕوای تەواومان بەوەیە چارەسەری كێشە ئابورییەكانی كوردستان بەر لەهەر شتێك لەكارئاسانی كردن بۆ كەرتی تایبەت‌و لەبەهێزكردنی ژێرخانی ئابوریدایە، پێویستە حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی زانستی هەوڵبدات ستراتیژیەتێكی گونجاو بۆ گەشەپێدانی كەرتی تایبەت‌و بەپیشەسازیكردنی كوردستان دەستپێبكات، نەك ئەوەی ئاستەنگ بۆ پێشخستن‌و گەشەكردنیان دروست بكات".




PM:03:03:05/02/2018