بایكۆت سنوری هەولێریشی گرتەوە

بایكۆتی مامۆستایان سنوری پەروەردەكانی هەولێریشی گرتەوە لە قەزای چۆمانیش دەرگای خوێندنگەكان داخران.

كەمێك لەمەوبەر لە ڕاگەیەندراوێكدا مامۆستایانی ناڕازی سنوری قەزای چۆمان بۆ ماوەی یەك هەفتە بایكۆتیان ڕاگەیاند و لە سبەینێوە دەرگای خوێندنگەكانم دادەخرێن و ئەو هەفتەیەش وەك دوا مۆڵەت دەدەنە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

مامۆستایانی ستەملێكراوی كوردستان...  
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست...

تایەك هەفتە بایكۆت دەكەین وەك مامۆستایانی قەزای چۆمانی سنوری پاریزگای هەولێر

لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە ئێمەی چین و توێژی مامۆستایانی كوردستان قۆناغێكی تەمەن 3 ساڵی لە گوزەرانێكی سەخت و ناهەمووار و پڕ لە شكۆ لەخەبات و كۆڵنەدان و شانازی بە بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان تێپەراند ، دوای ئەوەی حكومەتی شكستخواردووی هەرێم لە ساڵی 2016 دەستی برد بۆ كەمكردنەوەی قوت و بژێوی مامۆستایان بۆ كەمتر لەنیوە و و چارێكە موچە ئەوەشی نەتوانی لە كاتی خۆیدا بدات ، ئێستا كە لە مانگی 2 ی ساڵی 2018 داین ، نیو موچەی مانگی 10 ساڵی ڕابردوومان پێنەدراوە ، بەو هۆیەوە مامۆستایان لە ژیانێكی مەمرە و مەژی دان ، ئێمە بەو ئومێدەبووین لەسەرەتای ساڵی نوێ 2018 دا حكومەتی هەرێم قەیرانی دروستكراوی دارایی چارەسەر بكات و ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم هاونیشتیمانیانی كوردستان باشتر بكات ، بەڵام ئەو ئومێدەشمان نەما و هەڵوەری ، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی حكومەت لەسەر بێ باكی خۆی لە ئاست بەرپڕسیاریەتی چارەسەركردنی دۆخی دارایی و موچە و بژێوی مامۆستایان . 

بۆیە وەكو مامۆستایانی باڵەكایەتیی و سنوری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی چۆمان لە سبەی ڕۆژی چوار شەممە 7 ی شوبات تا ڕۆژی یەك شەممە 18 ی شوباتی 2018  بایكۆتی پڕۆسەی خوێندن ڕادەگەیەنین وەك مۆڵەت لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا تا داواكاریەكانمان جێبەجێ بكات كە خۆی دەبینێتەوە لە :-

1_هەڵگرتنی پاشەكەوتی زۆرەملێ و ستەمكارانەی سەر موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و پێدانی موچە تەواو .

2_ پێدانی موچە لەكاتی خۆیدا و تێپەرنەبوونی ماوەی پێدانی موچە لە 30 ڕۆژ جارێك . 

3_ داوا لەحكومەتی ناوەندی و دكتۆر حەیدەر عەبادی دەكەین ، كێشەی دارایی مامۆستایانی كوردستان چارەسەر بكات و میلاكی پەروەردەی هەرێم لە ڕووی شایستە دارایەكان بخاتە سەر حكومەتی ناوەند .

 لە حالەتی وڵامنەدانەوەی ئیجابیانەی داواكاریەكانمان لەو هەفتەیەی كە بایكۆتمان كردووە ، پڕۆسەی خوێندن دەست پێناكەینەوە و بایكۆت درێژدەكەین و ئۆباڵی شكستی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ئەستۆی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمە نەك مامۆستایانی ستەملێكراو .

دەستەی مامۆستایانی نارازی لە سنوری پەروەردەی چۆمان .



PM:01:44:06/02/2018