هەولێر..پارێزگار داوای لێبوردن دەكات

پارێزگاری هەولێر بە نوسراوی فەرمی، داوای لێبوردن لە پارێزگاری بەسڕەو ئەو سێ گەنجە عەرەبە دەكات، كە لەناو شاری هەولێر لێیاندراو بەڵێنی سزادانی پەلاماردەرەكانیش دەدات.

نەوزاد هاودی، پارێزگاری هەولێر، لەو نوسراوەدا كە ئەمڕۆ 17ی شوباتی 2018 بە زمانی عەرەبی، ئاراستەی پارێزگاری بەسڕەی كردووە، نیگەرانی خۆی لە رووداوەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی شاری هەولێر دەربڕیوە، كە بەكۆمەڵ پەلاماری سێ گەنجی عەرەب دەدرێت، رایگەیاندووە "ئەو هەڵسوكەوتە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ گیانی پێكەوەیی و بنەمای ژیانی برایانە لەنێوان پێكهاتەكان یەكناگرێتەوە".

هەر لە نوسراوەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای بە فەرمی داوای لێبوردن لە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕەو كەسوكاری سێ گەنجەكە، جەختی لەسەر سزادانی ئەو كەسانەش كردووەتەوە كە لەسەر رووداوەكە دەستگیركراون، داواشی كردووە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو هیچ دەرفەتێكیش نەدرێت لەپێناو تێكدانی پەیوەندی برایانەی نێوانیان.

پێشتریش نەوزاد هادی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو "12 كەس بەتۆمەتی پەلاماردانی سێ گەنجی عەرەبی خەڵكی بەسڕە، دەستگیركراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان".



PM:08:07:17/02/2018