بڕە پارەیەک لە بەغداوە دەگاتە هەولێر

ئەم هەفتەیە دەیان ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی هەولێر دەکرێت و بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستانیش زانیاری ئاشکرادەکات.


عەبدولرەزاق ناوەندەیی، بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بە میدیاکانی پارتی راگەیاند "بڕیارە لەم هەفتەیەدا كێشەی ئەو 30 ملیار دینارە چارەسەر بكرێت كە تایبەتە بە پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر بۆ ساڵی 2016".

ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكە كە پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە هەیە 30 ملیار دینارەكە بەسەر جووتیاران دابەش دەكرێت.

لە لای خۆیەوە نەوزاد ئەدهەم، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی وتی "چەكی پارەی گەنمی 2016ی جووتیارانی هەولێر ئامادەكراوە، ئەوەی ماوەتەوە وەزارەتی بازرگانی عێراق فەرمانیان لە دیوانی چاودێری دارایی بۆ بێت بۆ خەرجكردنەكەی".

ڕوونی كردەوە چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو پارەكە لە بەغداوە رەوانە بكرێت وتیشی "دەبێت پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر بۆ ساڵی 2016 و 2017 بڕی 41 ملیار دینار بنێردرێت".

لە سەرەتای ئەو مانگەوە 20 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و 40 ملیاری پارەی جووتیارانی دهۆك بۆ هەردوو ساڵی 2016 و 2017 رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە و بەسەر جووتیاران دابەش كراوە.



PM:08:44:17/02/2018