یەکینەکانی پاراستنی گەل پێشوازی لە ئاگربەست دەکات

یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سوریادا دەکات و ڕادەگەیەنێت، کە یەپەگە لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکدا مافی ڕەوای بەرگری لە خۆ بە کاردێنێت.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی مانگێک لە سوریادا بڵاوکردەوە.

 یەپەگە ڕایگەیاند: لە سەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوێنێ ٢٤ی شوبات دەرکرا، بە مەبەستی ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناوچە شەڕاوییەکانی سوریا، بۆ ماوەی مانگێک لە سەرتاسەری سوریادا ئاگربەست ڕادەگەیەندرێت، ئێمە وەک فەرماندەیی یەپەگە پێشوازی دەکەین لەو بڕیارە.

لە بەردەوامیدا یەپەگە ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ وەستاندنی شەڕ لە هەموو شوێنەکان جگە لە شەڕی دژی داعش بە بریارێکی گونجاو دەزانین، هاوکات بە مافی ڕەوای خۆمانی دەزانین کە لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکدا بەرگری لە خۆمان بکەین.

یەپەگە ڕاشیگەیاندووە: یەکینەکانمان بەڵێن دەدەن کە ئەو ناوچانە بەئاسایش بکەن کە وابڕیارە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانیان بکات، بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بگەیەنێتە هاوڵاتیان.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە: وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل داوا لە هەموو لایەنەکانی شەڕ لە سوریادا دەکەین کە ئەو بڕیارە ئەنجومنی ئاسایش پێک بێنن.

 


PM:04:34:25/02/2018