مەریوان قانع: هەرێم بۆتە دوورگەیەکی ھەواڵگریی و تێرۆر بۆ وڵاتانی دراوسێ

رۆشنبیری ناسراو د. مەریوان وریا قانع دەڵێت "  ھەرێم وەک دورگەیەکی سەربازیی و ھەواڵگریی و تێرۆر بۆ وڵاتانی دراوسێ".

لەنووسێنێکی کورتدا رۆشنبیر و ئەکادیمی کورد، د. مەریوان قانع لەسەر رەوشی نوێی هەرێم دەستوەردانی سەربازی و سیاسی و تیرۆری هێزە هەرێمایەتییەکان بۆ نەیارانی رژێمەکانیان، نووسیویەتی " یەکێک لە ڕووە ناشیرین و وێرانەکانی ئەزموونی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا ئەوەیە کە دەستی وڵاتانی دراوسێ لەناویدا بەتەواوی واڵایە و توانای ئەوەیان ھەیە بە ئاسانی ئەوانەی بە نەیاریان دەزانن تێرۆر بکەن. ھەم ئێران و ھەم تورکیا بوونێکی سەربازیی و ئەمنیی و ھەواڵگریی ئاشکرا و نھێنیان لە ھەرێمدا ھەیە. وەک ئەم ڕاپۆرتە نیشانیئەدات دەوڵەتی ئێران لەماوەی یەک مانگدا و لە سێ شوێنی جیاوازی ھەرێمدا سێ کادر و ھەڵسوڕاوی حیزبی دیموکراتی ئێرانی تێرۆرکردوە.

سوپای تورکیا بەدەیان بارگە و بنکەی سەربازیی و ئەمنیی و ھەواڵگریان لەھەرێمدا ھەیە. دەستی ئەم دوو وڵاتە لەناو دوو ئیمارەتە حیزبیی و سوڵتانییەکەی پارتیی و یەکێتیدا بەڕادەیەک درێژە مرۆڤ ھەستدەکات ئەو دوو وڵاتە چیان بوێت بتوانن ئەنجامیبدەن." 

ناوبراو لەو وتارەدا نووسیویەتی " لاوازیی ئەمنی لە ھەرێمدا درێژکراوەی لاوازییە قووڵ و بونیادییەکانی ترە، ھەڵقەیەکە لەناو زنجیرێکی درێژی لاوازیی دیکەدا، لە لاوازیی ئابورییەوە بیگرە، بۆ لاوازیی سیاسیی و لەوانیشەوە بۆ لاوازیی سەربازیی و لاوازیی ھەستی کۆگیریی و غیابێکی تەواوی عەقڵیەت و خواستیی نیشتیمانیی و نەتەوەیی. ھەرێمی کوردستان لەوە کەوتوە یەکەیەکی سیاسیی بێت لە ھیچ ئاستێکدا توانایەکی ناوەکیی ژیان و مانەوە و خۆپاراستنێکی سەرەتایی و سادەی ھەبێت. ئەو لانیکەمەش لە ڕێکەوتن و ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی تێدانییە کە بتوانێت تەنانەت ھەندێک مانای رەمزیی پۆزەتیڤ بەم ئەزموونە ببەخشێت و وەک ئەزموونی میلەت و نیشتیمانێکی چەوساوە نمایشیبکات".

مەریوان وریا قانع سروشتی حوکمڕانی هەرێم دەناسێنێت و دەڵێت " ھەرێمی کوردستان ھەرێمی بزنسە، بزنسی قاچاغ و نادیار و ناڕوون، بەڵام گرێدراو بە تۆڕێک لە پەیوەنیی سەربازیی و ئەمنیی ناوچەیی ژێرپەردەوە. بزنسەکانیش ھەمەجۆرەن، لە بزسنسی نەوتەوە بیگرە بۆ بزنسی چاوساغیکردن بۆ وڵاتە ئیقلیمییەکان لەناو ھەرێم خۆیدا، تا بە بزنسی فرۆشتنی ھەمووشتێکی تر دەگات کە بکرێت کەڵەکەبونی سەرمایە بۆ نوخبە مافیاییە بەگلۆباڵبووە باڵادەستەکە، دەستەبەربکات. تێرۆرکردنی ئەو ھەڵسوڕاوانی کوردانی ڕۆژھەڵات بەشێکە لەم بزنسە بەفراوانەی ناو ھەرێم. کۆمەڵێک ڕووداوێک نییە بە ڕێکەوت ڕووبدەن و ئێران لە فرسەتێکدا ئەنجامیدابێت، بەڵکو بەشێکە لە ئاکار و ئەخلاقیی ئەو کردەی بەبزنسکردنەی ھەموو شتێک لە ھەرێمدا".

ئەو تارە لە کاتێکدایە کە تورکیا رۆژانە بۆردومانی ناوچە سنوریەکانی هەرێم دەکات، هەرچی ئێرانیشە زیاتر لە ساڵێکە لە رێگای تۆرە سیخوڕیەکانیەوە چەندان کەسایەتی سیاسی و چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی " تیرۆر" کردووە.



PM:07:25:30/03/2018