بەرپرسێکی باڵای عێراقی داوای لێبوردنی گشتی بۆ سڵتان هاشم دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. د. سەلیم جەبوری لە نوسراوێکی نوێی فەرمیدا داوا لە سەرۆک کۆمار دەکات، سوڵتان هاشم، ئازاد بکرێت.

لە نوسراوێکی نوێدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە د. سەلیم جەبوری کە سەرۆکی پەرلەمانەو بەربژێرە لە لیستەکەی د. ئایاد عەلاوی، رۆژی ٣ی ئایار نامەیەکی ئاراستەی د. فواد مەعسوم سەرۆک کۆمار و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی دادگای باڵاو سەرۆکی دادگای فیدراڵی کردووەو داوا دەکات لەبەر لێبوردنێکی تایبەت بۆ سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری عێراق لەسەردەمی رژێمی سەدامدا دەربکات.

لەو نامەیەدا نووسراوە کە لەبەر لایەنە مرۆییەو بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە بڕیاری لێبوردن بۆ " سوڵتان هاشم" دەربکەن.
سوڵتان هاشم، لە دایکبووی ساڵی ١٩٤٤ ەو لە ساڵی ١٩٦٤ دا کۆلیژی سەربازی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٧٦ یشدا کۆلیژی ئەرکانی تەواوکردووە، وانەی سەربازی لە سۆڤیەت و بەریتانیاو ئەمەریکا خوێندووە، لە کۆلیژیی سەربازی وانەی وتۆتەوە.

لەساڵی ١٩٨٠ەوە تا کۆتایی ١٩٩٨ فەرماندەی فەیلەقی پێنج و فەیلەقی یەکی سووپای عێراق بووە کە ئەو دوو فەیلەقە لە ناوچەکانی کوردستان بووەو لەو ساڵانەدا چەکی کیمیاوی دژی کورد بەکارهێنراوە، هاوکات هەر لەودەمەشدا تاوانی ئەفال ئەنجامدراوە.

دواتر بووە بە وەزیری بەرگری، لەساڵی ١٩٩١ دا نوێنەرایەتی عێراقی لەگەڵ فەرماندەکانی سووپای ئەمریکادا کرد کە بە " خێمەی سەفوان " ناسراوە، لەو رێککەوتنەدا عێراق بە هەموو مەرجەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان رازی بوو.
ساڵی ٢٠٠٣ لەدوای رووخانی رژێم دەستگیرکراو لە دادگای باڵای تاوانەکان بە حکومی هەمیشەیی سزادرا.



PM:04:29:03/05/2018