لەسەر پێشێلکاری پەیامێک ئاڕاستەی کۆمسیۆن دەکرێت

ژمارەیەک رێکخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی داوا لە کۆسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەپەلە رێكاری پێویست بگرنەبەر و پێشێلكارییەكان بوەستێنن، داواش دەکەن رێگری لە لایەنە سیاسیە بالادەستەكانیش بكەن تا کارە نایاساییەکان رابگرن.

لەبەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی هەیەک لە
 كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی قەوارەو لیستە سیاسیەكان کراوەو وێنەیەکی دەست "سپی" کەتووە، ٣٣ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، داوادەکەن،" لەپێناو رێگری كردن لەو دیاردە نامۆ و نایاساییانەی، كە لەدەنگدانی تایبەتدا ئەنجامدران، بۆ ئەوەی لەدەنگدانی گشتیدا دووبارە نەبنەوە، ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە بەفەرمی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەكەین، رووی دەممان دەكەینە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كە تەنها بەڕێزیان بەرپرسیاری یەكەمن لێی، كە بەپەلە رێكاری پێویست بگرنەبەر، پێشێلكارییەكان بوەستێنن و رێگری لە لایەنە سیاسیە بالادەستەكان بكەن ئەو كارە نایاساییانە راگرن".

دەقی بەیاننامەکە...

"لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاكدا، تكایە ئەو پێشێلكاریانە رابگرن"

بەڕێز / كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق
بەرێز/ نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان
بەرێزان/ نوێنەرانی قەوارەو لیستە سیاسیەكان


لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، سیستەمێكی تازەی ئەلیكترۆنی پەیرەوكرا، ئومێدمان ئەوەبوو كە هەڵبژاردنەكان لەجارانی پێشوو باشتر بەڕێوە بچێت و سەرجەم دەنگدەران بتوانن بەئاسودەیی دەنگ بدەن و بواری ساختەكاریش كەم بكاتەوە، بەلام بەداخەوە ئەوەی لەدەنگدانی تایبەتدا بەڕێوە چوو كۆمەلێك خەوش و كەموكوڕی و پێشێلكاری (خروقات)ی تیادا بەدی كرا، كە بەشێكیان خودی كۆمسیۆن لێیان بەرپرسیارەو بەشێكیش لە پێشێلكاریەكان لەلایەن لیست و قەوارە سیاسیەكان (بەتایبەت حزبە باڵا دەستەكان)ەوە ئەنجامدراون، كە خۆیان دەبینیەوە لە:

1-بوونی فشارێكی زۆری رێژەی دەنگدەران لەهەریەك لە بنكەكان كە هاوسەنگی كات و ژمارەی دەنگدەران تیایاندا لەبەرچاو نەگیرابوو.

2-لەهەر بنكەیەكدا تەنها یەك كۆمپیوتەر هەبوو بۆ دەستنیشانكردنی ناوی دەنگدەرانی سەرجەم وێستگەكانی بنكەكە كە ئەمەش لەگەل ژمارەی دەنگدەرەكاندا وێك نەدەهاتەوەو بەسەریان رانەدەگەیشت.

3-بەپێی رێنماییەكانی خودی كۆمسیۆن و پێكهاتەی خودی سندوق و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكە دەبوایە هەر سندوقێك (6) قوفڵی لێ بدرابوایە، بەلام لەسەرجەم وێستگەكاندا سندوقەكان تەنها (5) قوفڵیان لێدرابوو و شوێنی قوفڵی سەر دەرگەی (فلاش و میمۆری)ی ئامێرەكە بەبۆشی مابوویەوەو فەرامۆش كرابوو قوفڵی لێنەدرابوو!

4-بەهۆی خاویی سیستەمەكەو تەواو بوونی كاتەوە ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەران بێبەش بوون لە دەنگدان.

5-بێسەروبەرەیی لە كردنەژوورەوەی دەنگدەران بۆ بنكەو وێستگەكان پەشێویی لە بەشێكی زۆری بنكەكان دروست بوو. ئەمەش كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەبوو.

6-لە زۆربەی بنكەكاندا دیاردەی چەكداری بەدی دەكراو لەناو بنكەكاندا كەسانێك هەبوون بەچەكەوە دەبینران كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر سایكۆلۆجیای دەنگدەر هەبوو.

7-بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك و وێنەگرتنی كارتی دەنگدان لەلایەن دەنگدەرانەوە بەبەرچاوی كارمەندانی كۆمسیۆنەوە بەبێ ئەوەی رێگریان لێ بكرێت.

8-بوونی لافیتەو ریكلامی قەوارە سیاسیەكان بەدیوار و نزیك بنكەكانی دەنگدانەوە.

9-دابەشكردنی كارت و ریكلامی قەوارەو كاندیدەكان لەناو بنكەكانی دەنگداندا.

10-بوونی كەسانێك لە بەرپرسانی حزبی و ئەمنی لەناو بنكەكاندا كە بە بەرنامەو مونەزەمی فشاریان دەخستە سەر دەنگدەران كە دەنگ بە لیستێكی دیاریكراو بدەن.

11-لەبەشێك لە وێستگەكاندا لەیەك كاتدا دەیان كەس لەژوورەوە لەسەر ئامێر و سندوق و كابینەكاندابوون و بەیەكەوە دەنگیان دەدا.

ئەو پێشێلكارییانەی لەم خالانەی سەرەوەدا هاتوون، هەر هەمووی پێچەوانەی یاساو رێنماییەكانی دەنگدان و كاری كۆمسیۆنە، دەبنە مایەی لەكەدار كردنی پرۆسەكەو كاریگەریی خراپیان لەسەر سایكۆلۆجیای دەنگدەر و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرجەم قەوارە سیاسیەكان پەیمانێكی شەرفیان لەسەر دەستی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كرد كە خۆیان لە پێشێلكاری بەدوور بگرن، بەلام بەداخەوە هەندێكیان پێوەی پەیوەست نەبوون.

هەر بۆیە لەپێناو رێگری كردن لەو دیاردە نامۆ و نایاساییانە، كە لەدەنگدانی تایبەتدا ئەنجامدران، بۆ ئەوەی لەدەنگدانی گشتیدا دووبارە نەبنەوە، ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە بەفەرمی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەكەین، رووی دەممان دەكەینە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كە تەنها بەڕێزیان بەرپرسیاری یەكەمن لێی، كە بەپەلە رێكاری پێویست بگرنەبەر، پێشێلكارییەكان بوەستێنن و رێگری لە لایەنە سیاسیە بالادەستەكان بكەن ئەو كارە نایاساییانە راگرن، ئەوەی پەیوەندی بە كارە هونەرییەكانی كۆمسیۆنیشەوە هەیە لەو كاتە كەمەی ماوە بۆ دەنگدانی گشتی چارەسەریان بكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە هیچی تر لەكەدار نەبێت و متمانە بۆ دەنگدەران بگەڕێتەوەو زۆرترین ژمارەی دەنگدەرانیش بواری دەنگدانیان بۆ بڕەخسێنرێت.
لەگەل رێزدا
11/5/2018

1-ئەنستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY)
2-پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی (ILDK)
3-دەزگای ستاندەرد بۆ راگەیاندن.
4-رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA)
5- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان (NIIR)
6- ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گەشەپێدان (BID)
7-رێكخراوی دیمەن بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان
8-رێكخراوی سكالا بۆ پرسەكانی ژنان
9- رێكخراوی گەیاندن بۆ چالاكیە دیموكرسیەكان و مافی مرۆڤ.
10- رێكخراوی هەڵوێست
11-رێكخراوی پایتەختی ئاشتی
12- رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان (KEODD)
13-ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناكان
14-رێكخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادیەكان
15-سەنتەری پەرەرپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
16-رێكخراوی داكۆكی لە زانكۆ و پەیمانگاكان
17-ئینستتیۆتی لۆبی بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ
18-رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە
19-رێكخراوی رونیا بۆ هوشیاری و تەندروستی
20-تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەركردە (كە 5 رێكخراو لەخۆ دەگرێت)
21- كۆمەلەی عیراقی- كەنەدی بۆ مافەكانی مرۆڤ
22-پەیمانگای مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
23-سەنتەری كوردستان بۆ هاوكاری مرۆیی (KCC)
24-رێكخراوی گەشەپێدانی ئابوری كوردستان (KEDO)
25-رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی   (STOP) 
26-رێكخراوی چاوی زانكۆ
27- رێكخراوی بەسە Enough
28-رێكخراوی سەروەریی هەڵەبجە
29-رێكخراوی لیزا بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
30- رێكخراوی (wise) بۆ پەروەردەو فێركردن
31-رێكخراوی جوگرافیای كشتی
32-رێكخراوی بیداری
33-تۆڕی رێكخراوەكان بۆ مافی چارەی خۆنوسین



AM:05:38:12/05/2018