نوێترین زانیاری لەسەر هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی برادۆست

 موختاری گوندی بەرمیزە کە دوو رۆژ لەمەوبەر هێزێکی تورکیا لەو گوندە میوانی پارتی بوو، دەڵێت" سوپای توركیا ناكشێتەوەو بارەگایان لە ناوچەكەدا دروستكردووە، تا حكومەتی هەرێم یان حكومەتی عێراق، تەداخول نەكات باوەر ناكەین ئەوان بكشێنەوە".

عەبدولرەزاق ئەحمەد لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا-ی رایگەیاند، "سەربازانی سوپای توركیا چوونەتە نێو گوندی بەرمیزەی سەر بە دەڤەری برادۆستی سنووری قەزای سۆران و لەگەڵ گوندنشینان پێكەوە لە نێو گوندەكەدا دانیشتوون و دواتر گوندەكەیان بەجێهێشتووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "سوپای توركیا كاتێك هات بۆ ناو گوندی ئێمە پێیان راگەیاندین ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئەوان نیە، تەنها لەبەر بوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا هاتوون و چەند كاتژمێرێك مانەوە لە ناو گوند دواتر رۆیشتن، ئەوەشیان پێ راگەیاندین كە سوپای توركیا بۆ ئەوە نەهاتووە خاكیان لێ داگیربكات هاتن و پێیان وتین رەمەزانتان پیرۆز و نوێژ و فتاریان لەگەڵ كردین و دواتر رویشتن".

كاتژمێر 12:30 خولەكی نیوەڕۆی 31ی مانگی رابردوو، سوپای توركیا  بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆراوجۆر چووە ناو گوندی بەرمیزە لە سنوری برادۆست، لە مزگەوتی گوندەكەش لەگەڵ خەڵكی گوندەكە كۆبوونەتەوە.
گوندی بەرمیزەی سەر بە دەڤەری برادۆستی سنوری قەزای سۆران-ی هەرێم دەكەوێتە سەر سنوری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

عەبدولرەزاق ئەحمەد وتیشی، "پشتەوەی گوندەكە هەمووی لە دەست توركیایە و پەكەكەش لەو شوێنە دوورە، پێشتر پەكەكەی لێ هەبوو بەڵام ئێستا لەوێ نین ئێمە رێگا نادەین پەكەكە و سوپای توركیا بێنە ناو گوندەكەمان، بەڵام سوپای توركیا كە هات وتیان هەروا هاتووین تەنها گوندەكە ببینین و دەڕۆین".

موختاری گوندی بەرمیزە رونیشیكردووەتەوە، "سوپای توركیا وتیان بۆ هیچ نەهاتووین تەنها گوندەكەتان خوشە و هی خوتانە و بۆ داگیركردنی نەهاتووین و خاكەكەش هی خۆتانە"، دەشڵێت، ئەوان شەڕی توركیایان پێ ناكرێت.



PM:08:14:02/06/2018