كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان له‌باره‌ی‌ موچه‌وه‌ كۆتاییهات

لیژنەی یاسایی و دارایی لە پەرلەمانی كوردستان راپۆرتی كۆتاییان لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی تەواودەكەن و بەگوێرەی راپۆرتەكەش بڕیاردراوە هیچ خانەنشینیەكی مەدەنی لە 400 هەزاردینار كەمتر وەرنەگرێت.

شێركۆ جەودەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەدووبارە ئامادەكردنەوەی راپۆرتی پرۆژەكەدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری كراوە لەوانە بڕیاردراوە دەستبەجێ لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساكەدا پاشەكەوت هەڵبگیرێت و نەمێنێت و بڕیاریشدراوە هیچ خانەنشینیەكی مەدەنی لە 400هەزاردینار كەمتر وەرنەگرێت.

هاوکات رێواس فایەق ئەندامی لیژنەی یاسایی  رایگەیاند: دووبابەت زۆرگرنگ بوو، ئەمڕۆ پەسەندكران ئەوانیش ئەوەیە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بكرێتە ئەژماری بانكی و بەم پێیەش فەرمانبەران دڵنیادەبن پاشەكەوتیان نافەوتێت، خاڵی دووەم فەرمانبەران دڵنیادەكەینەوە پەرلەمان دەرماڵەی هیچ كەس نابڕێت و رێكخستنەوەی دەرماڵەكان دەدرێتەوە دەست حكومەت.

هاوكات، عەلی حمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان دەڵێت: ئەم بڕگانەی دەستكاریكراوە پشتیوانی هەموویان دەكەین، بەڵام لەگەڵ خانەنشینی پلە باڵاكان نەبووین، ئێمە لەگەڵ ئەوەبووین خانەشینی پلە  باڵاكان هاوشێوەی عیراق بێت.

سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمان راشیگەیاند: ڕێژەیەكی بەرچاو لەموچەو ئیمتیازاتی پلە باڵاكان كەمكراوەتەوەو ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆچارەسەركردنی خانەنشینی مەدەنی و كردنی موچەكانیان بە 400هەزار دینار، بەڵام ئەمە بڕیاری كۆتایی نییەو دەبێت لەناوهۆڵی پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە.



PM:03:23:04/06/2018