فەرمانی دەستگیرکردنی رێبوار تاڵەبانی هەڵوەشێنرایەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند، بڕیارەی دەستگیرکردنەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و سکاڵاشش لەسەر دادوەرەکە تۆمارکردوە، کە بەرەگەز کوردە.

ڕیبوار تاڵەبانی، ئەمڕۆ دووشەممە لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەرکرا نایاسایی بووەو ئەو دادوەرەشی فرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرکردووە، گوێی بۆ پارێزەرەکەی نەگرتووە و بەبێ هیچ یاسایەک بڕیارەکەی دەرکردووە".

وتیشی، ئەمڕۆ تانەی لە بڕیارەکە داوە و هەڵوەشاوەتەوە و لە هەمان کاتیشدا سکاڵای لە دژی ئەو دادوەرە تۆمارکردووە، کە بەڕەگەز
 کوردە و بە وتەی تاڵەبانی"تورکمانەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدەهێنن ".

لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی بۆ کەرکوک رێبوار تاڵەبانی  باسی لەوەکرد، من تاوەکو ئێستا لە شاری هەولێر وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئیش و کاری هاوڵاتیان ڕایی دەکەم، چونکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە حەشدی شەعبی هاتونەتە ماڵەکەم و ئۆتۆمبێلەکەمیان بردووە و خانوەکەمیان ڕووخاندووە و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردووم، هەربۆیە منیش ناچاربووم شاری کەرکووک بەجێبهێڵم و لە هەولێر نیشتەجێم".

هەروەها وتی، بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقمیشم وتووە، هەرکاتێک بارودۆخی ئەمنیم پارێزراوبێت دەگەڕێمەوە بۆ ناو کەرکووک.

سەبارەت بە پشتگریکردنی حزبەکەی کە یەکگرتووی ئیسلامیەە باسی لەوە کرد"هەرچەند من وەکو پشکی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەندامم ،بەڵام پشتگیری ئەو حزبە لە ئاستی پێویستدا نەبووە و لەکاتی دەستگیرکردنمدا، بەڵکو هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتگیرییان کردووم".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا کورد لە کەرکووک کێشەی خێزانی هەیە و واباشترە ئەو کێشەیە لە نێوان لایەنەکان چارەسەربکرێت نەک حزبێک لە نەتەوەی عەرەب یان تورکمان چارەسەری کێشەکان بکات.

رۆژی یەکشەممە دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرکووک لە نوسراوێکدا و بەپێى مادەى ٣٣١ لە یاساى سزادانى عێراقى فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانى سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەرکرد.


PM:09:31:04/06/2018