خوێندنی باڵا مژدەیەک دەداتە دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، کەمترین کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بۆ سکۆلەرشیپی چیک نابێت لە ٩٠ کەمتر بێت.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەشی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەشی زانستی خوێندنی کوردی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨)، دەتوانن داواکاری بۆ ئەم سکۆلەرشیپە پێشکەش بکەن، کە لەلایەن زانکۆی (پەلازکی) چیکیەوە دەستەبەرکراون

داواشی لە دەرچووان کرد، کە پەلە بکەن بۆ پێشکەشکردنی ئەو داواکارییە، کە دواین کات بۆ پێشکەشکردن رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٣٠/٧/٢٠١٨)یە.

عەباس ئەکرەم لەبارەی چۆنیەتی خوێندن لەو زانکۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە زانکۆی (پەلازکی) یەکێکە لە زانکۆ ھەرە پێشکەوتوەکانی جیھان، کە لەسەر ئاستی زانکۆکانی وڵاتی چیک لە ریزبەندی چوارەمە و، لەسەر ئاستی جیھانیش لە ڕیزبەندی (٧٠٠) باشترین زانکۆکانی جیھانە،.

 ئاشکراشیکرد، کە رێکەوتی ٤/٨/٢٠١٨ گروپێک لە پرۆفیسۆرانی زانکۆکە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. 

وتەبێژی خوێندنی باڵا راشیگەیاندووە، "داوا لە دەرچووان دەکەین تاکو ئەو ماوەیەی درێژکراوەتەوە دەست بکەن بە پێشکەشکردن، چونکە پێشکەشکاران لە پڕۆسەیەکی وردی و زانسیدا، دەچنە پێشبڕکێ لەسەر بنەمای بەرزترین کۆنمرەی قۆناغی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، پاشان سەرکەوتوەکانی قۆناغی یەکەمی پێشبڕکێ بەشداری تاقیکردنەوەیەکی ھەڵسەنگاندنی توانستی زانستی لە ھەرێمی کوردستان لە ٥/٨/٢٠١٨ دەکەن، کە لەلایەن ژمارەیەک پرۆفیسۆری زانکۆی (پەلازکی)یەوە بەرێوەدەبرێن و، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات". 

مەرجەکانی پیشکەشکردن بۆ ئەو سکۆلەرشیپە:

دەرچوی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لقی زانستی بێت لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧ – ٢٠١٨).

کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە (٩٠)ی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی (بەکالۆری)، یان (ھاوتاکەی) لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانی (SAT٢ , A-level) کەمتر نەبێت.

سەرکەتووەکانی ئەم پێشبڕکێیە دەتوانن بەزمانی (چیکی) یان (ئینگلیزی) بخوێنن، بۆیە ئەگەر کاندیدەکە بەزمانی (چیکی) خوێندنی، ئەوا کرێ خوێندنەکەی لەلایەن زانکۆی (پەلازکی)یەوە بۆ دابیندەکرێت، بەڵام ھەر کاندیدێک ئەگەر بڕیار بدات بەزمانی (ئینگلیزی) بخوێنێت لەوکاتەدا کرێی خوێندنەکەی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.


PM:02:29:26/07/2018