بەڕێوەبەری KNN ڕەخنەی "توند" لە ڕێکخەری گۆڕان دەگرێت

بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی کەی ئێن ئێن ڕەخنەی "توند" لەڕێکخەری گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندن دەگرێت لەسەر کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیدا.

د. ئاکۆ حەمە کەریم بەڕێوەبەری کەناڵی کەی ئێن ئێن لە وتارێکیدا کە کاتژمێر ١٢:١٠ خولەکی ئەمشەو ٣٠ی ئاب لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتی "دیمەنی دانیشتنی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لەو کات و شوێنەدا وەک زۆرێک لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان توشی شۆک و سەرسوڕمانی کردم و دەلالەت بوو بۆ ورد نەخوێندنەوەی بارودۆخی سیاسی و حساب نەکردن بۆ لایەنی دەرونی هەڵسوڕاو و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو شەوەی کە هێرشکرایە سەر گردەکە، سەدان هەڵسوڕاو و هەواداری گۆڕان و دەیان ڕۆژنامەنوس لە کەی ئێن ئێن و سایتی سبەی و رادیۆی گۆڕان ژیان خۆیان خستبۆیە مەترسیەوە بۆ پاراستنی شکۆی گۆڕانو بەرگری کردن لە دەنگەکانیان و ئێستاش مافی خۆمانە کە بپرسین: رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن چیتان کرد بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران و گەڕانەوەی دەنگەکانمان؟."

ئەو بەرپرسەی کەناڵی کەی ئێن ئێن هەروەها نوسیویەتی یەکێتی ئەڵێت کێشەکە شخسییە نەک سیاسی، بۆیە ئەبوایە پێشمەرجی دانیشتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی خۆڕادەستکردن و ئامادەبونی شێخ جەعفەر و تەقەکەرەکانی شەوی 12 ئایار بوونایە لەبەردەم دادگا، کە تاێستا ئامادە نین و نازانرێت ئایندەی شکاتەکەی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بە کوێ دەگات، لەڕاستیدا کێشەکە سیاسییە و ئەوەی شێخ جەعفەر ئەنجامیدا بە ئاگاداری بەشیک لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی بوە و ئامانج لێی دەمکوتکردنی گۆڕان و سەپاندنی تەزویرەکە بو، کە یەکێتی ئەو شەوە بەتەزویر و تەقەکان بە بەردێک سێ چۆلەکەی کوشت، یەکەم: تەرکیزی لەسەر تەزویرەکە لابرد و ئەنجامەکانی سەپاندو خۆکردە براوە، دووەم: خەڵکی بێ ئومێدکرد لە دەنگدان و پرۆسەی سیاسی وای کرد جارێکی تر خەڵک نەچێت بۆ هەڵبژاردن. سێهەم: کێشەی ناوخۆی لەگۆڕاندا دروست کرد."

د. ئاکۆ حەمە کەریم هەروەها نوسیویەتی یەکێتی بەم دانێشتنەی لەگەڵ گۆڕان پەیامێکی شاراوەی گەیاند کە بکوژ و بەبڕ خۆیەتی و هەرچی بوێت ئەی کات، هەرکات بیەوێت تەقە ئەکات و هەرکاتێکێش ئارەزووی لە دانیشتن بو خۆی ئەکات بە ژوردا، بەبێ هیچ سزایەک. ئەمەش جارێکی تر دەنگدەری گۆڕان بێ ئۆمێد ئەکات، بەتایبەتیش کە نزیکەی مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی روداوەکانی 12ی ئایار رێژەی بایکۆت کردنی دەنگدەرانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن زۆر بێت."

بە گوێرەی زانیارییەکانی سپیش ئەم وتارەی دوابەدوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ٢٩ی ئاب بڕیاری لابردنی د.ئاکۆ حەمە کەریم لە پۆستی بەڕێوەبەری کەی ئێن ئێن دراوە.





AM:12:50:30/08/2018