پۆلیسی سلێمانی: پێنج تۆمه‌تباری داواکراو ده‌ستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، پێنج تۆمه‌تبار لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ قەزای‌ چوارتاو ده‌ستگیرکراون، کە پێشتر فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێڕدراوە، تیایدا بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، لەچوارچێوەی هەڵمەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە بەسەرپەرشتی بەڕێز عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە بەرێوەدەچێت، لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ قەزای‌ چوارتاوە پێنج تۆمەتبار دەستگیركران.

ئەوەش هاتووە، دوان لەتۆمەتبارەكان پێشتر فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە لەدادگای‌ تاوانەكان‌و دادگای‌ كەتنی‌ سلێمانی بەپێی‌ مادەكانی‌ 430 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌و یاسای‌ 21ی‌ هاتوچۆ.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سێ تۆمەتبارەكەی‌ دیكەش كە لەلایەن دادگای چوارتاوە داواكراوبون لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ قەزاكەوە‌ دەستگیر كران.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا باس لەوەشكراوە، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتبارەكان بەبریاری بەڕێز دادوەر بەندن ‌و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.



PM:06:26:30/08/2018