شاندێکی پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات

شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆران دەکات لەشاری سلێمانی و گفتوگۆ لەبارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوانیان دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-ەو، بڕیارە لە کاتژمیر11:00ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئەیلول،  لە گردی زەرگەتە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوە تەنها بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕانە، کە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروستببوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممەی رابردوو شاندەکەی پارتی لەگەڵ هەریەک لە عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ و بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆبووەوە، بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوایین ویستگەی سەردانی ئەو شاندەیە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان.



AM:09:46:04/09/2018