نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا

بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای موه‌لیدەی بۆ مانگی ئاب دیاریکرد

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاندووە، "نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای موه‌لیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئاب بە 41 دینارە، كە تێكڕای كاركردنی موه‌لیدەكان لە نێوان 335 بۆ 370 كاتژمێر كاریان كردووە".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەشدا هاتووە لە مانگی ئەیلولدا رۆژانە بە كارەبای نیشتمانی و موه‌لیدە ئەهلیەكان كارەبای 24 كاتژمێر بۆ هاوڵاتیان دابین دەكرێت، واتە هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە پێویستە موه‌لیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتییەكان، نرخی كیلۆواتێك بە 220 دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتییەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا پێنج دینار و وێستگەكەی 33 كەیڤی بوو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.



PM:02:52:04/09/2018