بەرپرسێكی گۆڕان ڕەخنەی توند لەفراکسیۆنەکەی دەگرێت

سەرۆکی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنە لەئەندامانی فراکسیۆنەکەی لەبەغدا دەگرێت و دەپرسێت، "کەس ھەیە ئەو ڕێگە دورە ببڕێ و ماندوێتی توشی خۆی بکات بۆ ئەوەی دەنگ بەکەس نەدات؟".

د.ئیسماعیل نامیق سەرۆکی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتارێکدا لەژێر ناونیشانی "دەنگدان بەسپی مانای چیە؟" نوسیویەتی "بەپەلەپەل و بێئاگاداری جڤاتی نیشتیمانی بڕۆیت بۆ بەغداو لەدانیشتنی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا سوێندی یاسایی بخۆیت تا بەشداری دەنگدانەکە بکەیت، پاشان بڵیی دەنگم بەسپیدا ئاخر ئەمە مانای چیە؟".

دەشڵێت "کەس ھەیە ئەو ڕێگە دورە ببڕێ و ماندوێتی توشی خۆی بکات بۆ ئەوەی دەنگ بەکەس نەدات؟، دەستتان خۆش بێت چون بۆ بەغدا، پیرۆزبایتان لێدەکەم چونکە ئەوە مافی خۆتانە لەھەمانکاتدا ئەرکیشە لەسەرتان نوێنەرایەتی دەنگدەرەکانتان بکەن، بڕیاری بەڕێز رێکخەری گشتی وخانەی راپەڕاندن چی بو ئەوەتان جێبەجێکردبا بەبێ ھیچ شەرم و سڵەمینەوەیەک".

سەرۆکی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، "بەئاشکرا بۆ خەڵکی کوردستانتان ڕابگەیاندایە، چونکە ئێمەش حزبی سیاسین و مافی خۆمانە لەڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ویستی دەنگدەرەکانمانەوە ڕێکەوتنی سیاسی ئاشکرا لەگەڵ ھەمو پارتێکی سیاسیدا بکەین".

بەفراکسیۆنەکەی لەئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت "یاخود کاندیدێکمان لاپەسەندبێت و یەکێکی ترمان لا پەسەند نەبێت، مافی خۆمانە وەکو ھەر پارتێکی سیاسی تر تێڕوانینی سەربەخۆی خۆمان ھەبێ".

جەختیشدەکاتەوە، "تێڕوانین و بڕیاری ئێمە ھەرچیەک بێت و ھەرچۆنێک بێت ئازایەتیەو عەیبە نییە، بەڵام بەخوا پاش ئەو ڕۆیشتنە پەلەیەی دوێنێ بۆ بەغدا، دەنگدان بەسپی ھیچ حیکمەتێکی سیاسی لەپشتەوە نییەو ھەڵوێستێکی لاوازەو جێگەی قەناعەتی دەنگدەرەکانمان نییە".



AM:11:15:03/10/2018