ئەردۆغان لەبارەی دیارنەمانی ڕۆژنامەنوسەکەوە ڕوونکردنەوە دەدات

لەبارەی دیار نەمانی رۆژنامەنوسێكی سعودی لەتوركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت، كە نیگەرانین و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دادگا دەكەین.

لەدوای بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ڕاوێژكاری ئاكپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ونبوونی جەمال خاشقچی لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنوساندا و وتی، "چاوەڕێی بڕیاری داداگا دەكەین. حاڵەتەكە زۆر نەخوازراوە و هیواخوازم دۆخەكە بەم جۆرە نەمێنێتەوە".

وتیشی "جەمال خاشقچی دۆستێكی دێرینمە و لەمێژە دەیناسم و جەختیشكردەوە، دەزگیرانەكەی خاشقچی چاوەڕوانی دیكەی هەیە بەڵام من لای خۆمەوە واز لەم دۆسیەیە ناهێنم و بەدوایدا دەچم".

ئەردۆغان  باسی لەوەشكرد، " سەرجەم دەروازەی باڵیۆزخانە و فڕۆكەخانەكان لەژێر چاودێری وردی هێزە ئەمنیەكانن و هەر سەرەداوێك وەدەست بكەوێت بۆ ڕاگەیاندنەكانی ئاشكرادەكەن".

چارەنوسی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووسی ناوداری سعودیە، چەند رۆژێكە بوەتە جێی باسی میدیا و ناوەندە جیھانییەكان و بەپێی نوێترین راپۆرتی رۆژنامەوانیش ئەو رۆژنامەنوسە سعودیە دوای سەردانی بۆ كونسڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ كوژراوە و تەرمەكەشی براوەتە دەرەوە.



PM:06:34:07/10/2018