یەکگرتوو بۆ یەکلاییکردنەوەی بەشداریکردنیان لە پەرلەمان راپرسی دەکات

سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی رایدەگەێنێت " لەچەند ڕۆژی داهاتوودا یەکگرتوو ڕاپرسی لەناوخۆی حزب ئەنجام دەدات لەبارەی ئەوەی بەشداری بکەین لەپەرلەمان یاخود بەشداری نەکەین".


د.هادی عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانلە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا راگەیاندووە " زۆربەی کادیرە باڵاکان و ڕێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەن بەشداری پەرلەمان نەکەین، بۆ ئەوەش لەچەند ڕۆژی داهاتوودا یەکگرتوو ڕاپرسی لەناوخۆی حزب ئەنجام دەدات لەبارەی ئەوەی بەشداری بکەین لەپەرلەمان یاخود بەشداری نەکەین".

ناوبراو زیاتر وتویەتی "بەدوری دەزانم بەشداری کابینەی حکومەتی هەرێم بکەین" هەروەها لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کە هۆکارەکەی خۆیان بوون و وتویەتی "دانمان بەوەدا ناوە بەشێک لەهۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانمان پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی حزبەکەمان و (ئەدای قیادی) و هەندێک لەگوتاری سیاسی و هەڵوێستەکانمانەوە هەیە لەچەند ساڵی ڕابردوودا ، لەم مانگەدا یەکگرتوو کۆبونەوەی فراوان ئەنجامدەدات و لەوێ گۆڕانکاری و دەسلەکارکێشانەوە لەپۆستەکاندا دەکرێت، وە بەهەڵوێستە سیاسیەکانی خۆماندا دەچینەوە."

لەبارەی هەنگاوی داهاتووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان باسی لەوە کردووە " جگە لە تۆمارکردنی سکاڵا ئێستا لەناو کادیرە باڵاکانی یەکگرتوو، هەروەها ڕێکخستنەکانی یەکگرتوو کە باس لە بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمان بکەین لەکوردستان تا ئەو شوێنەش هەیە، دەبێت ڕاپرسی بکەین لەناوخۆی ڕێکخستنەکان، وا بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا ڕاپرسی ئەنجام بدەین لەوبارەیەوە ."



AM:12:09:10/10/2018