كەلار... پێنج كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیركرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاند، باندێكی پێنج كەسیان بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیركردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕاگەیاندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەی بەوە كردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری و بە فەرمانی دادوەر، توانیویانە ئەو پێنج كەسە لە گوندی سەنگەر لە سەر ڕووباری سیروان لە سنوری قەزای كەلار دەستگیر بكەن و دەستیش بەسەر حەشارگەكەیان بگرن كە بۆ ڕاو و ڕووت و بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەكاریانهێناوە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، تیمەكانیان دەستیان گرتووە بەسەر چەند پارچە چەكێكدا لە جۆرەكانی(كڵاشینكۆف و دەمانچە و چەكی ئەڵمانی)لەگەڵ بڕێك لە مادەی هۆشبەر لە جۆری تلیاك و حەشیش و جلی سەربازی و قەمە و دوو ماتۆرسكیل و دوو ئۆتۆمبێل.

رونیشكردووەتەوە، ئەو كەسانەی دەستگیركراون بە ناوەكانی(ه ه م س+ه م ع+ئ م س+ش س ك ا+ش س ا) هەموویان كوردن و دانیشتووی سنوری قەزای كەلارن. ئاسایشی گەرمیان باسی لەوەشكردووە، دوو كەس لەو پێنج تۆمەتبارە لەلایەن یاساوە داواكراوە و پێشتر بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزا دراون و پاش تەواوكردنی سزاكەیان ئازادكراون.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئێستادا سەرجەمیان بە پێی مادەی (٢،١٤)ی ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە.




PM:02:17:23/10/2018