پاسپۆرتی ئیمارات پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا

پاسپۆرتی ئیمارات پلەی یەکەمی وەرگرت و توانی ببێتە باشترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان، کە هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزە گەشت بۆ  167 دەوڵەت بکەن.

بەگوێرەی هەواڵی ئەمڕۆی میدیاكانی ئیمارات، بەپێی ریزبەندی ( پاسۆرت ئیندێكس) كە رۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، پاسپۆرتی ئیماراتی لەسەر ئاستی جیهان  پلەی یەكەمی بەدەستهێناوەو لەمەوبەدوا هەڵگرانی پاسپۆرتەكە دەتوانن بۆ 167 دەوڵەت گەشتی پێبكەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڕەزامەندی پێشوەختە( ڤیزا) هەبێت، بەمەش ئیمارات دەبێتە یەكەم وڵاتی عەرەبی كە ئەو سەركەوتنەی بەدەست هێنابێت.

هەر بەپێی رزیبەندییەکە دوای ئیمارات، پاسپۆرتی سەنگافورە بەپلەی دووەم دێت کە پێشتر لە پلەی یەکەمی رزیبەندییەکەدابوو ، هەروەها دوای ئەویش پاسپۆرتی ئەڵمانیا دێت کە لە پلەی سێیەمی خۆی مایەوە، پاشان دانیمارك لە پلەی چوارەم و سودیش پلەی پێنجەمی وەرگرتووە.

ساڵی رابردوو ئیمارات  هەڵمەتێكی بۆ بەهێز بوونی پاسپۆرتەكەی دەست پێكرد، بەشێوەیەك تا ساڵی (2021) ببێتە یەكێك لە پێنج باشترین پاسپۆرتەكانی جیهان، بەڵام لەسەر بنەمای پلانێكی پێشوەختە توانرا لەماوەیەكی كورتدا و پێش وادەی خۆی بەسێ ساڵ، سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.




PM:08:18:02/12/2018